دوورگەی خارگ چی لێیە و بۆچی هێرش دەکرێتە سەری؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی جەنگ ئێران لێی دەترسا دەستبردن بوو بۆ هەستیارترین جومگەی وڵاتەکەی کە “خارگە” بۆچی؟ چونکە ئەو دوورگەیە بە شادەماری ئابووری ئێران دادەنرێت و لە ٩٠٪ـی نەوتی ئێران لەوێوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت و گەورەترین توانای کۆگا کردنی دوورگەکە نزیکەی ٣٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، بە ئامانجگرتنی ئابووری ئێران بە تەواوەتى دادەڕمێنێت.
لەم ڕۆژانەدا ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بەهێزی کردە سەر دوورگەی خارگ لە ئێران، کە بەپێی وتەى بەرپرسانی ئەمریکا زیاتر لە ١٥ تەقینەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوەتەوە، ترەمپیش ڕایگەیاند، ئامانجە سەربازییەکانی دوورگەکە لەناوبراون، بەڵام بە ئەنقەست ژێرخانی نەوتییان نەپێکاوە.
دوورگەی خارگ لە کوێیە و چی لێیە؟
ئەم دوورگەیە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای بووشەهرە و هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و کۆیت، شادەماری ژێرخانی نەوتی ئێرانە، گواستنەوەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی بۆرییەوە و بەستنەوەی بە گەورەترین کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی ئێران لێرەوە دەکرێت، لەوانە کێڵگەکانی مارون، ئەهواز و گەچساران.
دوورگەی خارگ، دەکەوێتە ٢٥ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کەنداوی فارسەوە، دوورگەکە دەکەوێتە ٤٨٣ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای گەرووی هورمز و درێژییەکەی نزیکەی ٨ بۆ ٩ کیلۆمەتر و پانییەکەی چوار بۆ ٥ کیلۆمەترە.
توانای کۆگاکردنی دوورگەکە نزیکەی ٣٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، لە ئێستادا هەڵگرتنی نەوتی خاو لەو دوورگەیە گەیشتووەتە ١٧ ملیۆن بەرمیل و ئەو بڕەش بەسە بۆ دوو هەفتە هەناردەکردن لە ژێر بارودۆخی ئاساییدا.
ئێران سێیەمین بەرهەمهێنەری ڕێکخراوی ئۆپێکە و ڕۆژانە نزیکەی زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار بەرمیل کۆندێنسات و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی زیادە هەناردە دەکات.
دوورگەی خارگ ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن کۆمپانیای “ئەمۆکۆ”ـی ئەمریکییەوە درووستکراوە کە گەورەترین گۆڕەپان یان تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتە کە لە ٩٠٪ـی نەوتی ئێرانی لێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت.
خارگ تاقە دەروازەی ستراتیژی ناردنی نەوتی ئێرانە بۆ بازاڕەکانی جیهان، هەر زیانێک بەر ئەو دوورگەیە بکەوێت، وێرانکردنى ئابووری ئێرانە، بە ئامانجگرتنی دوورگەکە، ئابووری ئێرانیش بە تەواوەتى دادەڕمێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جێهان بۆردوومانکردنى دوورگەی خارگە، کە ڕۆژانە توانای هەناردەکردنى حەوت ملیۆن بەرمیلی هەیە، چونکە ئەو دوورگەیە بەستراوەتەوە بە بازاڕی وزەی جیهانییەوە و هەر هێرشێک بۆ سەر خارگ دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی نەوت بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
ئێستا ئێران هەڕەشەی وێرانکردنى ژێرخانی ئابووری وڵاتانى ناوچەکە دەکات و ڕایگەیاندوە، سەرجەم کێڵگەنەوتییەکانی کۆیت و سعودیە و ئیمارات دەکاتە ئامانج، ڕەنگە ئەم هەڕەشەیە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە بەو پێیەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کڵێگە نەوتییەکانی هەرێم دەکەنە ئامانج.
بە ئامانجگرتنی خارگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر ئاسانە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ دەیانەوێت نەوتەکە لە دەستی ڕژێمی دەربهێنن نەک ژێرخانەکە بە تەواوی لەناو ببەن، بەڵام ترەمپ هۆشداری دەداتە ئەگەر ئێران ڕێگری لە هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بکات لە گەرووی هورمز، ئەوا دەستبەجێ ژێرخانی نەوتی دوورگەکە وێران دەکات.
دوورگەی خارگ تەنیا پارچە زەوییەکی نەوتیی و ڕێڕەوێکی وزە نییە، بەڵکو کلیلی هاوسەنگیی هێزیشە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، هەر لەبەر ئەوەشە ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئیستا دەستیان لێپاراستووە، چونکە دەبێتە تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە.
هەرچەندە دوورگەکە، وەک سییەکانی هەناسەدانی ئابووری ئێران دادەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا خاڵی لاوازی ئەو وڵاتەشە، چونکە ئەگەر وێران بکرێت ئەوا ئابووری ئێرانیش وێران دەکرێت، چاودێرانی سیاسی دەڵێن: کێ کۆنترۆڵی خارگ بکات، ئەو براوەی جەنگ دەبێت.
|