هەرێمی کوردستان چۆن لەشەری ئەمریکا و ئێران پارێزراو دەبێت؟

2   کاتژمێر پێش ئێستا  296 جار خوێنراوەتەوە

لەم شەڕە چاوەڕوانکراوەی ئەمریکا و ئێران مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان چی دەبن؟

دۆخی ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئەمریکا هەمیشە وەک "کێبڕکێی فیلەکان" وەسف دەکرێت تێیدا زۆرترین فشار دەکەوێتە سەر ئەو شوێنانەی دەبنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەهۆی پێگەی جوگرافی و سیاسی خۆیەوە، لەناو جەرگەی ئەم هاوکێشەیەدایە.

مەترسییە سەرەکییەکان بۆ سەرهەرێمی کوردستان لەم شەڕە چاوەروانکراوەدا چەند جۆرێکن لەوانەش مەترسیی ئەمنی و سەربازی هەیە چونکە هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و درۆنی بووەتەوە بە پاساوی هەبوونی بنکەی ئەمریکی یان "بنکەی سیخوڕی ئیسرائیل". لە کاتی توندبوونەوەی گرژییەکانیشدا، مەترسی هەیە ئەم هێرشانە دووبارە ببنەوە بە تایبەت دوای ئەوەی لەناو کوردستانە حزبەکوردیەکانی ئێران هاوپەیمانێتیان ڕاگەیاندو پشتیوانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.

 هەروەها ئەگەری هەیە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، خاکی هەرێم یان ئاسمانی هەرێم بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەکاربهێنن، ئەمەش هەرێمی کوردستان دەخاتە ناو جەنگێکی نەخوازراو.

لەلایەکی ترەوە ئەمریکا و ئێران هەردووکیان دۆستی جیاوازیان لەناو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم هەیە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جەمسەرگیری و تێکچوونی یەکڕیزی ناوخۆیی، چونکە لایەنەکان دەکەونە ژێر فشاری "یان لەگەڵ منی یان دژی منی".
 
لەگەڵ ئەوەشدا تێکچوونی دۆخی ئەمنیش وادەکات کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت و وەبەرهێنان دوودڵ بن لە مانەوە یان زیادکردنی سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

 هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی ئابووری بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە. هەر سزایەکی نوێ یان هەڵگیرسانی جەنگی فراوان، دەبێتە هۆی پەککەوتنی بازرگانی و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل کە لەئێرانەوە هاوردە دەکرێت.

بە کورتی مەترسییە گەورەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان وەک "کارتێکی فشار" لەلایەن هەردوولاوە واتە ئەمریکا و ئێران بەکاربهێنرێت. ئەمریکا کوردستان وەک هاوپەیمانێکی گرنگ دەبینێت، و ئێرانیش هەرێم وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێت ئەگەر بخرێتە ناو بەرەی واشنتنەوە.

هەر بۆیە پاراستنی هاوسەنگیی واتە بێلایەنبوون لەم دۆخەدا هەر چەند سەخت و قورس بێت بەڵام گرنگترین ئەرکی هەرێمی کوردستانە لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانی ململانێی زلهێزەکان و پارێزراو بێت ئەوەش وایکردووە لە چەندین ڕاگەیەندراوی فەرمی هەرێم رەتی بکاتەوە خاکەکەی دژی دراوسێکانی بە کاربهێنریت


   ئەمانەش بخوێنەرەوە