دوای بڕیارەکەی دادگا چارەنووسی پەرلەمان و حکومەتی عێراق چی لێدێت؟
4 کاتژمێر پێش ئێستا
79 جار خوێنراوەتەوە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لەسەر داوای سەرۆککۆمار، لێکدانەوەی بۆ مادەی 56ی دەستوور کرد و رایگەیاند، رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ، بە کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمان دادەنرێت و لەو رۆژەوە شەرعییەتی سیاسیی کۆتایی دێت. هاوکات دەسەڵاتەکانی حکومەتی لە دەسەڵاتی تەواوەوە بۆ دەسەڵاتی کاربەڕێکردن کەم کردەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی مونزر ئیبراهیم حوسێن، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی لەسەرە و ئەمڕۆ دووشەممە، 17-11-2025 دەرچووە، دادگاکە لەسەر داوای لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لێکدانەوەی بۆ مادەی 56ی دەستووری عێراق کردووە سەبارەت بە چارەنووسی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان.
دادگەکە رایگەیاندووە: "رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، سنووری جیاکەرەوەیە لەنێوان شەرعییەتێکی نوێ و کۆندا."
چارەنووسی پەرلەمان و حکومەتی عێراق چی لێدێت؟
بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی:
• ئەنجوومەنی نوێنەران: لە رۆژی هەڵبژاردنی گشتییەوە، وادەی یاسایی خولی پێشووی پەرلەمان و دەسەڵاتی لە دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی حکومەت کۆتایی دێت. هەر کارێک لەدوای ئەو رێککەوتەوە بیکات، بە نادەستووری و نایاسایی هەژمار دەکرێت و هیچ کاریگەرییەکی نابێت.
• ئەنجوومەنی وەزیران: دەسەڵاتی تەواو، دەگۆڕێت بۆ "دەسەڵاتی سنووردار لە بەڕێکردنی کاروباری رۆژانە" (حکومەتی کاربەڕێکەر).
حکومەتی کاربەڕێکەر چی پێناکرێت؟
دادگەکە بە روونی ئەو کارانەی دیاریکردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت ئەنجامیان بدات، لەوانە:
• واژۆکردنی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
• ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانەی کاریگەریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەر وڵات هەیە.
• پێشنیازکردنی پڕۆژەیاسا.
• وەرگرتنی قەرز.
• دامەزراندن لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەت یان لەسەرکارلادانیان.
• دووبارە داڕشتنەوەی وەزارەت و فەرمانگەکان.
بڕیارەکە جەخت دەکاتەوە ئەرکی حکومەتی کاربەڕێکەر تەنیا بریتییە لە گرتنەبەری ئەو بڕیار و رێکارانەی کە دواخستن هەڵناگرن و بۆ بەردەوامیی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامودەزگا گشتییەکان پێویستن.
چارەنووسی سەرۆککۆمار
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، دادگەی فیدراڵی رایگەیاندووە کە سەرۆککۆمار وەک بەشێک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تاوەکو دوای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ و یەکەم دانیشتنی، ئەمەش بەپێی حوکمەکانی مادەی 72ی دەستوور.
رۆژی یەکشەممە، 09-11-2025، دەنگدانی تایبەت و رۆژی سێشەممە، 11-11-2025، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 12-11-2025، کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاند.
|