ئایا هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی بەسەر نەوتەکەیەوە ماوە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  14 جار خوێنراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەغدا و هەولێر لە هەوڵی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدان بەڵام هەرجارە و بە بیانوویەک رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.

بە گوێرەی بەدواداچونەکانی ٧رۆژ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم رێگری سەرەکین لە بەردەم جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنانەی تا ئێستا کراون بە جۆرێک مامەڵە دەکەن کە خۆیان وەک خاوەنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەزانن.

بە گوێرەی زانیارییەکان کۆمپانیاکان زۆرینەیان لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتییەوە دامەزراون و ژمارەیەک وەبەرهێنەری بیانیان تێدا جێکردونەتەوە تا وەک کۆمپانیایەکی بیانی دەربکەون.

ئەم کۆمپانیایانە ئێستا بوونەتە رێگر لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە ئەوەش هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.

بە لێکدانەوەی دەرەنجامەکان دەردەکەوێت، پارتی و یەکێتی لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە بوونەتە خاوەنی نەوتی خەڵک و زۆرینەی داهاتەکەی لە ژێر ناوی خەرجی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی، بۆ خۆیان دەبەن.

بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی پێشتر لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی کردنی داهاتی نەوت بڵاودەکرانەوە دەردەکەوێت زیاتر لەسەدا پەنجای داهاتەکە بۆ خەرجی نەوتەکە رۆشتووە، بە واتایەکی دیکە زیاتر لە نیوەی داهاتەکەی لە ژێر ناوی جیا جیادا گەڕاوەتەوە بۆ کۆمپانیاکان.

لە دوایین گفتوگۆکانی بەغدا و هەولێر وا دەردەکەوێت رێککەوتنی کۆتایی واژۆ کرابێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەڵام هەر رۆژێک دواخستنی، پارەیەکی زۆرتر دەخاتە گیرفانی خاوەن کۆمپانیاکانەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز پێشتر لە زنجیرەیەک راپۆرتدا ئاشکرای کردبوو کە داهاتی مانگانەی نەوتی بە قاچاخ فرۆشراوی هەرێم زیاتر ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە و رۆژانە لە رێگەی هەزار تانکەرەوە دەنێردرێتە ئێران و تورکیا.

جیا لە نەوتەکە لەسەر داهاتی گشتی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا.. سالی ٢٠١٣ بنیاتنراو نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی هەشت لە دوایین ساتی کابینەکەی بۆرییەکەی بە کۆمپانیای کار و کۆمپانیای روسنەفتی رووسی فرۆشت، کۆمپانیای کار خاوەندارێتییەکەی دەدرێتە پاڵ خودی نێچیرڤان بارزانی، ئەوەش بەو واتایە دێت بۆریەکەی بە خۆی فرۆشتوەتەوە.

ئەوەی تا ئێستا هەیە ئەوەیە خەڵکی کوردستان بە بەرچاویانەوە نەوتەکەیان دەبرێت و دیار نیە داهاتەکەی چی بەسەر دێت، بۆیە بۆ خەڵک یەکلا بووەتەوە خاوەندارێتی نەوتەکەی لە دەستیدا نەماوە و کۆمپانیاکان خاوەندارێتی دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە