قەیرانی دادگای فیدڕاڵی مووچەی هەرێمی کوردستان چی لێ دەکات؟
10 کاتژمێر پێش ئێستا
327 جار خوێنراوەتەوە
دادگای فیدڕاڵی عێراق کە بەرزترین دامەزراوەی دادوەریە، رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان هەیە.
جاسم محەمەد عمێرئ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکی دادگاکە راگەیاندووە.
بە گوێرەی زانیاری میدیا عێراقییەکان، دەست لەکارکێشانەوەکە بەناوی داواکاری خانەنشین بوونی پێشوەختە پێشکەش کراوە و دەیەوێت بە خانەنشین بوون پۆستەکە رادەست بکاتەوە.
دادگاکە رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بووەتەوە، هەفتەی رابردوو شەش دادوەری دادگاکە دەست لەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان پێشکەش کرد و داوایان کرد سەرۆکی دادگاکە دەست لەکاربکێشێتەوە.
دادگای فیدڕاڵی ساڵانێک بووبوویە مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، ناو بە ناو بڕێارێکی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکرد و دامەزراوەیەکی هەرێمی پەک دەخست. هەر لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکوومەتە خۆجێیەکان، تا دوور خستنەوەی کاندیدەکانی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و چەندین بڕیاڕی دیکە.
کەچی ئێستا دادگاکە بووەتە تاکە ئومێدی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە رەوانەکردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم دەست پێ بکاتەوە.
بەڵام ئەوەتا بەهۆی ئەو قەیرانەی رووبەڕووی دادگاکە بووەتەوە دەرگای ناردنی پارە لە بەغداوە بە تەواوی داخراوە.
بەو پێیەی سەرۆک و شەش ئەندامی دادگاکە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و کۆبوونەوەکانی پەکیان کەوتووە.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەبوو دادگاکە فەرمانی سالاری بۆ راگرتنی نوسراوەکەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەربکات کە ناردنی پارەی بە یەکجاری و لەمساڵدا راگرتووە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وتوویەتی ئەو لە دەسەڵاتیدا نیە پارە بۆ هەرێم رەوانە بکات.
سودانی دوای کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق ئەم لێدوانەی داوە کە رۆژی یەکشەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوی کۆوبوونەوەکەدا ئەوە هاتووە، پێویستە حکوومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بێت ئەوسا بەغدا دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرەکانی خەرج بکات.
توندبوونەوەی هەڵوێستی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستاب دوای هەڕەشەکانی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لە واشنتن هات.
|