بە بڕیاری سودانی کێشەی جوتیارانی کەرکووک چارەسەر دەکرێت
15 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزی و رێگری لە جووتیارانی ناوچەی سەرگەڕان، ئاسۆی چارەسەر دەرکەوت و پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جووتیارانی ناوچەکە، هەواڵی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پێڕاگەیاندن کە بریتییە لە جێبەجێکردنی راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزارەکانیان.
پێشتر جووتیارانی ناوچەی سەرگەڕان و پەڵکانە، رووبەڕووی رێگریی زۆر بوونەوە لەکاتی چوونەسەر زەوییەکانیان و چەندین جاریش بەهۆیەوە دەستگیرکرابوون. ئەم رێگرییانە گەیشتبووە ئاستێک، جووتیاران نەتوانن بۆ ئەم ساڵ تۆوی دانەوێڵە بکەن.
دوای سێ مانگ و 20 رۆژ لە ئاڵۆزییەکانی سنووری شەناغە، کە جووتیاران ناڕەزایەتییان دەربڕی، لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێکهێنرا و کۆمەڵێک راسپاردەی بۆ چارەسەری کێشەکە خستەڕوو.
پارێزگاری کەرکووک بە جووتیارانی وت، راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران کاریان پێدەکرێت و لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو زەوییانەی کێشەیان لەسەر نییە، کارکردن تێیاندا دەستپێبکاتەوە. هاوکات جەختکراوەتەوە لەسەر پەلەکردن لە جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە.
محەممەد ئیسماعیل، موختاری گوندی شەناغە دەڵێت: "رێنماییەکانی ئەو لیژنەیەی پێکهاتبوو بۆ چارەسەری کێشەکانی سەرگەڕان، کە بە سەرۆکایەتیی دکتۆر زیاد (نوێنەری سەرۆکوەزیران) نێردرابوو، دیارە رێنماییەکان گەیشتووە. ئێمەش تاوتوێی ئەوەمان کرد رێنماییەکان جێبەجێ بکرێت."
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت: "ئەو راسپاردانە کاتی خۆی داواکاریی ئێمە بووە، هەموو داواکارییەکانی ئێمە لەو راسپاردانەدا هەیە، بەڵام پێویست دەکات لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی راسپاردەکان جێبەجێ بکرێت. کاک رێبوار (پارێزگاری کەرکووک) بڕیاریدا بە زووترین کات ئەو لیژنەیە پێکبهێنێت."
لە گوندەکانی پەڵکانە، شەناغە، گابەڵەکە، خەرابە و سەربەشاخ، زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەن کە خاوەنەکانیان مافی بەکارهێنانیان لێ زەوت کرابوو، سەرەڕای هەبوونی هەموو بەڵگەیەکی خاوەندارێتی و دەرچوونی یاسای نوێش لە بەرژەوەندییان. چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە، کۆتایی بە مەینەتییەکانی جووتیارانی کورد لەو ناوچانە بهێنرێت و بتوانن بگەڕێنەوە سەر زەویوزاری خۆیان.
|