د. عەلی قەرەداغی: هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفی دەکەن قسەکانی نەتانیاهوو دووبارە دەکەنەوە

9   کاتژمێر پێش ئێستا  121 جار خوێنراوەتەوە

د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بە راگەیێندراوێک وەڵامی د. عەبدوللەتیف سەلەفی دایەوە، کە داوای لێکردووە دیبەیتی لەگەڵدا بکات و دەڵێت، "هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفی دەکەن، هێرش دەکەنە سەر موجاهیدە گیانفیداکان لە غەززە و شوێنەکانی دیکە و بە لادان لە بیروباوەڕ وەسفیان دەکەن و گوتەکانی زایۆنییەکان و نەتەنیاهوو دووبارە دەکەنەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵماندا، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "دژی ئەو کەسەم بانگەشەی سەلەفییەت دەکات و لە رێبازە راستەقینەکەی دوورە، کە بریتییە لە دڵسۆزی بۆ باوەڕداران و دوورکەوتنەوە (بەرییبوون) لە زایۆنییە داگیرکەرەکان."
 
د. عەلی قەرەداغی بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت، دەڵێت: "هیچ بەزەییەک لە دڵی ئەو کەسەدا نییە کە ئاهـ و ناڵەی دەیان هەزار ژن و منداڵ نایجوڵێنێت، ئەوانەی خوێنیان بە دەستی زایۆنی رژاوە، یان لە برسان و تینوێتان و نەخۆشیدا لەژێر گەمارۆدا مردوون."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی د. عەلی قەرەداغی:
 
من لەگەڵ پێشینە چاکەکانم، لە هاوەڵان و ئەوانەی بە چاکە شوێنیان کەوتوون، من لەگەڵ سەلەفییەتی راستەقینەی میانڕەوم. بەڵام من دژی ئەو کەسەم بانگەشەی سەلەفییەت دەکات و لە رێبازە راستەقینەکەی دوورە، کە بریتییە لە دڵسۆزی بۆ باوەڕداران و دوورکەوتنەوە (بەریی بوون) لە زایۆنییە داگیرکەرەکان، ئەمەش جێبەجێکردنی فەرموودەی خوای گەورەیە:
 
﴿ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، جوو و گاوره‌کان مه‌که‌نه دۆست و پشتیوانی خۆتان، ئه‌وانه هه‌ندێکیان دۆست و پشتیوانی هه‌ندێکی دیکه‌ن، هه‌رکه‌سێک له ئێوه بیانکاته دۆست و پشتیوانی خۆی، ئه‌وا بێگومان ئه‌ویش له‌وانه‌. به‌ڕاستی خوا ڕێنمایی گه‌لی سته‌مکاران ناکات.﴾ [سوورەتی مائیدە: 51]
 
گرنگترین شت کە ئێمە لەبارەی سەلەفییەتەوە دەیزانین بریتییە لە (وەلاء و بەراء) واتە دڵسۆزی بۆ موسڵمانان و دوورکەوتنەوە لە دوژمنان، نەک وەک ئەوەی هەندێک لەوانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، کە هێرش دەکەنە سەر موجاهیدە گیانفیداکان لە غەززە و شوێنەکانی دیکە و بە لادان لە بیروباوەڕ وەسفیان دەکەن و گوتەکانی زایۆنییەکان و نەتەنیاهوو دووبارە دەکەنەوە، هەروەها موسڵمانان سارد دەکەنەوە لە یارمەتیدانی براکانیان، لە کاتێکدا جیهادەکەیان لە رووی شەرعەوە بریتییە لە "جیهادی بەرگری و بانگەوازی گشتی (نەفیر)"، ئەمەش فەرزە لەسەر هەمووان، هەرکەسە و بەپێی توانای خۆی.
 
جیهاد تەنیا لە چەکدا بچووک نەکراوەتەوە، بەڵکو هەموو هەوڵێک دەگرێتەوە کە دەدرێت بۆ پاڵنانی دوژمن و ئازادکردنی خاک، هەرکەس بەپێی توانای خۆی. بەڵکو هەموو شەریعەتە ئاسمانییەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و دابونەریتە ئەخلاقییەکان رێگە بە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران دەدەن بە هەموو شێوازە لەبارەکان.
 
هیچ بەزەییەک لە دڵی ئەو کەسەدا نییە کە ئاهـ و ناڵەی دەیان هەزار ژن و منداڵ نایجوڵێنێت، ئەوانەی خوێنیان بە دەستی زایۆنی رژاوە، یان لە برسان و تینوێتان و نەخۆشیدا لەژێر گەمارۆدا مردوون.
 
کەواتە ئیسلامی ڕاستەقینە لە کوێی ئەو کەسەدایە کە بەزەیی بەمانەدا نایەتەوە؟ ئەمەیە راستییەکە و کرۆکی بابەتەکەیە.
 
بەڵام براکانم لە سەلەفییەتی راستەقینەی میانڕەو، ئەوان خاوەن شکۆ و سەربەرزین  و لەگەڵ ئەهلی حەقدان، هەروەها لەگەڵ ئازادکردنی خاکدان هەرچەندە باجەکەشی قورس بێت، زۆرێکیان لە زیندانەکاندان، ئەوان لە ئێمەن و ئێمەش لەوانین.
 
من لەگەڵ یەکێتیی ئیسلامیم و لەگەڵ یەکخستنی ریزی کۆمەڵە و بزووتنەوە ئیسلامییەکانم، هەموو توانای خۆم بۆ ئەوە دەخەمە گەڕ، بەڵام من لەگەڵ پووچەڵدا نیم ئەگەر ناوی راستییشی لێنرابێت، لەگەڵ ئەو رێگا چەوتە نیم کە دوژمنان دەیانەوێت لەژێر پەردەی "ئیبراهیمییەت" یان هەر ناوێکی دیکەدا بیسەپێنن، تەنانەت ئەگەر بەرگی سوننەت و ئیسلامیشیان کردبێتە بەری.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە