هۆشیار زێباری: دابەزینی نرخی نەوت کارەساتە بۆ عێراق

5   کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

هۆشیار زێباری، هۆشداری لەبارەی مووچەی فەرمانبەران دەدات و دابەزینی نرخی نەوت بە کارەسات بۆ عێراق ناودەبات.
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە تۆڕی ئێکس هۆشداری دەدات و دەڵێت، "دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەواڵێکی کارەساتبارە بۆ ئابووریی عێراق و بەرنامەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ وەزارەتەکان و پڕۆژەکان و پێدانی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، لە کاتێکدا کە وڵات لە وەرزی هەڵبژاردندایە، بەبێ نەبوونی سیاسەتێکی دارایی پتەو و خەمخۆرانە بۆ مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی".
 
ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى 15ى نیسانى 2025 دەسەڵاتى بە وەزارەتی دارایی داوە بۆ راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی، کە پێنج ساڵە دراون و بڕەکەى سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردن و مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر. 
 
تەیف سامى رۆژی یەکشەممە 4ی ئایاری 2025 بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (294)ى ساڵى 2025ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بەوپێیەى ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتى دەوڵەت.
 
سپاردەى دارایی، پارەى ئەو کۆمپانیا و سەرمایەدار و خاوەنکارانەیە، گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەت هەیە بۆ ئەوەى گەرەنتى ئەوە بکرێت ئەو  بڕە پارەیە دەدەن، کە وەک باج لەسەریانە.
  
ئەو روونکردنەوەى تەیف سامى بۆ میدیاى فەرمى عێراق لە دواى ئەوە دێت، کە زانیارى لەبارەى راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەى مانگى نیسانى فەرمانبەران و خانەنشینان بڵاوبووەوە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە