بەهۆی خۆڵبارینەوە 550 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران

4   کاتژمێر پێش ئێستا  126 جار خوێنراوەتەوە

بەهۆی خۆڵبارینەوە، لە دیالە زیاتر لە 400 کەس و لە پارێزگای کەرکووک و قەزای خوورماتووش زیاتر لە 150 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون. 
 
سامان یابە، وتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە بەگوێرەی دوایین ئامارەکان تائێستا 94 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکووک کراون.
 
هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکان، لە پارێزگای سەلاحەدین بەهۆی خۆڵبارینەوە نزیکەی 55 کەس رەوانەی نەخۆشخانەی خوورماتوو کراون و چارەسەر وەردەگرن، کە بەشێکی زۆریان بەتەمەن، یاخود کێشەی هەناسەدانیان هەیە. بەهۆی چڕیی خۆڵبارینەکەوە پێشبینی زیادبوونی ژمارەکە دەکرێت. 
 
هەر لەوبارەوە، فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە دەڵێت، بەهۆی ئەو شەپۆلە چڕە خۆڵبارینەی کە پارێزگەکەیانی گرتووەتەوە، سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان خراونەتە ئامادەباشی.
 
بەوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە، تائێستا زیاتر لە 400 کەس بەهۆی هەناسەتووندی و کێشەی هەناسەدانەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکانی دیالە، زۆربەیان بەتەمەنن یاخود کێشەی هەناسەدانیان هەیە.
 
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ شەپۆلێکى خۆڵبارین لە عێراق دەبێت کە زیاتر لە ناوچەکانى نێوەڕاست و رۆژئاواى عێراق چڕ دەبێت و لە باکوور کاریگەرییەکەى کەمتر دەبێت".
 
عامر جابری رایگەیاند: "خێرایی با لە چەند ناوچەیەک لەنێوان 30 بۆ 50 کیلۆمەتر لەکاژێرێکدا دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆى دروستبوونى خۆڵبارینەکە و مەوداى بینین بەگشتى لەو ناوچانەى کە خۆڵبارینەکە دەیانگرێتەوە چوار کیلۆمەتر دەبێت". 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە