جێگری سەرۆكی یەكێتی: بارودۆخەكە خۆگونجاندن و ئەركی نوێمان لێدەخوازێت

4   کاتژمێر پێش ئێستا  2353 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆدوو شەممە 28-4-2025، لەبارەگای مەكتەبی رێكخستن لەسلێمانی رەفعەت عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ لێپرسراوی سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتی كۆبووەوە.

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی رێكخستنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتی و هەریەك لەهەڤاڵان سەركەوت زەكی و شوان قادر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون.

رەفعەت عەبدوڵڵا بەوردی ئاماژەی بەراسپاردەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داو بۆ هەڤاڵانی لێرسراوی مەڵبەندەكانی روونكردەوەو وتی: "لەژێر رۆشنایی ئەو راسپاردانەدا پڕۆسەی رێكخستنەوەی تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی بەئەنجام دەگات".

جێگری سەرۆكی یەكێتی لەڕوانگەیەكی یەكێتیانەو سەردەمیانەوە مەبەستی پڕۆسەی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕان و بارودۆخە نوێیەكاندا خستەڕوو وتیشی: "بارودۆخە نوێیەكان خۆگونجاندن و ئەركی نوێمان لێدەخوازن".

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە خۆئامادەكرن بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەوبارەیەوە رەفعەت عەبدوڵڵا باسی لەجۆشدانەوەی رێكخستنەكان كردوو هێمای بۆ ئەوەكرد پێویستە رێكخستنەكانی یەكیتی لەجاران زیاتر تەماسیان لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكدا هەبێت، جێگری سەرۆكی یەكێتیی وتیشی: "پێویستە هەمومان پێكەوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەڵمەتی دەرگا بەدەرگا بكەین و وەك هەمیشە یەكێتی و جەماوەر ئاوێتەی یەكتربن".

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا لێپرسراوانی سەرجەم مەڵبەندەكان هەماهەنگی خۆیان و رێكخستنەكانیان بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیارو راسپاردەكان بەسەرنجەوە خستەڕوو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە