زیاتر لە 400 هەزار تۆن خۆڵ لە هەرێمی کوردستان باریوە
19 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
دوو رۆژە خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ شارەزایەکی کەشوهەوا دەڵێت، تەنیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار تۆن خۆڵ باریوە.
د. لوقمان موفتی، پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵ و شارەزا لە کەشوهەوا، لەبارەی خۆڵبارینی دوو رۆژی رابردوو بە میدیاکانی رایگەیاند، ''زیانی راستەوخۆ بە تەندروستیی مرۆڤ، ئاژەڵ و رووەکەکان دەگەیێنێت.''
لوقمان موفتی رەتیکردەوە خۆڵبارین هیچ سوودێکی بۆ لەنێوبردنی بەکتریا و ڤایرۆسی نێو هەوا هەبێت و دەڵێت، ''ئەم دەنگۆیە هیچ بنەمایەکی نییە.''
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا پێشنیاز دەکات لەدوای تەواوبوونی خۆڵبارینەکە، ئەو ئۆتۆمبێل و موەلیدانەی کە فلتەری هەوایان هەیە، بە باشی پاکبکرێنەوە، ''لەبەر ئەوەی تۆز و خۆڵی زۆر، کاریگەری لەسەر فلتەر و مەکینەکان دادەنێت.''
بەوتەی لوقمان لوتفی، خۆڵبارین سەرەڕای مەترسیداربوونی، سوودی راستەوخۆ و ناڕستەوخۆی بۆ دەریا و دارستانەکان هەیە؛ ''ساڵانە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 200 ملیار تۆن خۆڵ لە بیابانەکانی باکووری ئەفریقیاوە بەرەو ئەمریکای لاتین، دارستانە چڕەکانی ئەمازۆن و زەریای ئەتڵەس بچێت، ئەو خۆڵە بۆ دارستانەکان وەکو توخمی فسفۆر و پەین دەچێت، هەروەها توخمی ئاسن زۆر گرنگە بۆ ئەو وردە رووەکانەی لە زەریادا تەواوکەری زنجیرەی خۆراکن.''
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بەوەشکرد، تۆز و خۆڵ وەکو یەکێک لە پێداویستییەکان بۆ ''هەوێنی باران'' گرنگە و ''لە زۆر لە ناوچەکانی جیهاندا کە هەوا پاکە (ساف)، باران نابارێت.''
وەک لوقمان موفتی وتی، ''ئەو خۆڵبارینەی ئەم جارە روویدا، سەرچاوەکەی نزیکە لە خۆمان، واتا ئەو بیابانەی نێوان رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریایە.''
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکیی خۆڵبارینەکە بۆ وشکەساڵی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ''هۆکارێکی دیکەیشی هەیە، ئەویش جووڵەیەکی زۆری سەربازییە لە رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا؛ جووڵەی زۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆز و خۆڵبارین.''
رووبەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 40 هەزار کیلۆمەتر دووجایە. ئەو شارەزایە دەڵێت، ''ئەگەر تائێستا لە یەک مەتر دووجا تەنیا 10 گرام خۆڵبارین هەبووبێت، ئەوە زیاتر لە 400 هەزار تۆن خۆڵ باریوە.''
بەوتەی لوقمان موفتی، جیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ساڵانە بەشێکی زۆری تۆز و خۆڵ لە توونس و لیبیاوە، روو لە وڵاتانی ئەورووپی دەکات.
|