وەزیری دەرەوەی سووریا ئاڵای نوێی وڵاتەکەی لە نیویۆرک هەڵکرد
20 کاتژمێر پێش ئێستا
380 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە نیویۆرک. ئاڵای نوێی وڵاتەکەشی لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزکردەوە.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە نیویۆرک. سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا یەکەم سەردانی بەرپرسێکی ئەو حکومەتە نوێیەیە کە لە دوای رووخانی ئەسەد لە سووریا پێکهێندرا.
ئاڵا سێ ئەستێرەییەکەی ئێستای سووریا پێشتر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەکاردەهێندرا، لە دوای نەمانی ئەسەدیش بووەتە ئاڵای فەرمیی ئەو وڵاتە.
بەرپرسانی ئێستای دیمەشق چاویان لەوەیە لەو سزا تووندانە رزگاریان بێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەهۆی کارەکانی حکومەتی پێشووەوە بەسەر دیمەشقیان سەپاندوون.
ئیدارەی ترەمپ تاوەکو ئێستا بە فەرمی دانی بە حکومەتی ئێستای سووریا دا نەناوە کە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە سەرکردایەتی دەکرێت. هەروەها دەستەی تەحریری شامیش کە ئەحمەد شەرع سەردایەتیی دەکرد، هێشتا لەلایەن واشنتنەوە بە گرووپێکی "تیرۆریست"ـی هەژمار دەکرێت.
هەفتەی رابردوو، دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆمارین، سەردانی دیمەشقیان کرد.
مارلین ستوتزمان، نوێنەری ویلایەتی ئیندیانا و کۆری میڵز، نوێنەری فلۆریدا سەردانی ناوچەی جۆبەری دیمەشقیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومەت کۆبوونەوە.
پێش ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە، میڵز وتی، "لەکۆتاییدا، بڕیار لەدەست سەرۆکە" بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت.
دوای کۆبوونەوەکەش، بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسی مەرجەکانی ئەمریکایان بۆ سووککردنی سزاکان کردووە. بەگوتەی میڵز، مەرجەکانیان بریتییە لەوەی کە دیمەشق دەبێت چەکە کیمیاوییەکانی سەردەمی ئەسەد لەنێوببات، لەگەڵ واشنتن لە شەڕی دژی تیرۆر هاوئاهەنگ بێت و دڵنیایی بدات کە هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئیسرائیل دروست ناکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەحمەد شەرع پێی راگەیاندووە کە دەتوانن "لەژێر هەلومەرجی دروستدا"، پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەن.
|