ئوردن ئیخوان موسلیمین قەدەغە دەکات و نوسینگەکانی دادەخات
4 کاتژمێر پێش ئێستا
98 جار خوێنراوەتەوە
مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریداوە هەمو چالاکییەکانی ئیخوان موسلیمین "هەڵوەشێنێتەوە" و كارەكانی ئەو حزبە قەدەغە بکات و دەست بەسەر سەروەت و سامانە جوڵاو و نەجولاوەکانیدا بگرێت و سەرجەم نوسینگەکانی دابخات، ئەوەش بەتۆمەتی بەشداریكردن لەو چالاكیانەی كە سەقامگیری و ئاسایشی نیشتمانی بە ئامانج دەگرن.
مازن فەرایە، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "گروپەكانی بەناو ئیخوان موسلیمین کە بە فەرمانی دادوەری هەڵوەشاونەتەوە، سەلمێنراوە کە لە تاریکیدا کاردەکەن و بەشداری ئەو چالاکیانە دەکەن کە دەیانەوێت سەقامگیری و ئاسایشی نیشتمانی بە ئامانج بگرن".
ئاماژەی بەوەشكرد، "بەدواداچونەکان تێوەگلانی ئەندامانی گروپە هەڵوەشاوەکەیان سەلماندوە لەو چالاکییانەی کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکەن و ژیانی هاوڵاتیان دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە بەردەوامی چالاکییەکانی ئەو گروپە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات".
بەگوێرەی وتەكانی وەزیری ناوخۆ، "بە پشتبەستن بەو ئەنجامانە بڕیاردرا هەمو چالاکییەکانی ئیخوان موسلیمین هەڵوەشێننەوە و ئەو حزبە قەدەغە بکرێت و دەست بەسەر سەروەت و سامانە جوڵاو و نەجوڵاوەکانیدا بگیرێت و سەرجەم نوسینگەکانی لە سەرتاسەری شانشینی دابخرێت.
ئەوەشیخستەڕو، پەیوەندیکردن یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گروپە بە هەمو شێوەیەک قەدەغەیە. هەرکەسێک سەلمێندرا کە پەیوەندی بەو گروپەوە هەیە، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەری دەگرێتەبەر.
هاوکات بەگوێرەی میدیا عەرەبییەكان، هێزە ئەمنییەکانی ئوردن ئەمڕۆ فەرمانی دادگایان جێبەجێ کرد و دەستیان بەسەر نوسینگەکانی ئیخوان موسلیمیندا گرت، هەروەها پۆلیسی دادوەری دەستیکرد بە پشکنینی ژمارەیەک بارەگا کە لەلایەن ئیخوان موسلیمینەوە بەکاردەهێنرێن لە چەند پارێزگایەکی ئوردن بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە، بەپێی یاسا و بڕیارێکی داواکاری گشتی.
|