سەعدی پیرە: هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
2025-04-10
99 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو یەکێتی و پارتی دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت. گوتیشی، ''پێویستە کاتێک پەرلەمان دەستبەکاربوو، سیاسەتی خۆمان بەرامبەر عێراق و وڵاتان دیاری بکەین، دەبێت هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی دیاریکراوی هەبێت.''
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''پارتی و یەکێتی لە دوو بەیانییەوە (شەممە) دەکرێت کۆببنەوە؛ واتا هەرچی زووترە لە هەفتەی داهاتوودا کۆ دەبنەوە.''
قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە یۆنانە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی. سەعدی ئەحمەد پیرە وتی، ''بە گەڕانەوەی کاک قوباد لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەن.''
لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ''لەسەر زۆربەی شتە گرنگەکان رێککەوتوون، ئەگەر شتێک مابێت کە بیریان چووبێت قسەی لەسەر بکەن، ئەوە دەخرێتە بەر باس، بەڵام ئەوەی گرنگە و ماوەتەوە، بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانە.''
وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، دابەشکردنی پۆستەکان بە شێوەی جیاجیا دەکرێت، ''سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزاری و هونەرییەکان، لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی وەک فەرمانگەکان بە جیا دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی هیچ شتێک نەمێنێتەوە کە لایەنێک بڵێت لە گفتوگۆکاندا باس نەکراون''.
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئێمە رێکدەکەوین، دەبێت گرفتەکان چارەسەر بکرێن، چارەسەریشیان بۆ دۆزراوەتەوە و پێموانییە کێشەیەکی گەورە هەبێت.''
وتەبێژی یەکێتی پێیوایە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا، ''نابێت هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکەینەوە، نابێت بە تەنیا خۆمان وەکو حیزبی دەسەڵاتدار ببینین، یەکێتی و پارتی پێکەوە دەسەڵاتدارن لە هەرێمی کوردستان، دەبێت هەوڵەکانمان لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ئێمە بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە.''
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا باس لە هیچ وەزارەتێک نەکراوە کە پشکی کامە لایەن بێت، ''ئەگەر ڤیتۆ لەسەر هەر بەربژێرێک هەبێت بۆ هەر پۆستێک، ئەوە شتێکی خراپە، چونکە هەم ئێمە و هەم پارتی کادیرانی خۆمان بە باشی دەناسین، بۆیە پێویستە کەسانێک دەستنیشان بکرێن کە توانای راپەڕاندنی کارەکانیان بە باشترین شێوە هەبێت.''
زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە سێ مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت رێکنەکەوتون.
|