ئەمریکا داوا دەکات بەزوویی هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە

18   کاتژمێر پێش ئێستا  99 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکومەتیش لە هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ هەینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
سەرۆکی حکومەت و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمریکا کرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان "لە زووترین کاتدا." هەروەها دووپاتیان کردووەتەوە، "پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە