ئایدن مەعروف: وەک پێکهاتەکان دووئیدارەییمان ناوێ، یەک هەرێم و یەک پەرلەمان

11   خولەک پێش ئێستا  1 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، جەختی کردەوە کە پێکهاتەکان دووئیدارەییان لە هەرێمی کوردستان ناوێت و دەڵێت: "یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمانمان هەیە."

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان خۆی لە نەتەوەی تورکمانە، رایگەیاند ئەو پێکهاتەکانی هەرێم بە ناوی هەموویانەوە ناڕازین بەوەی باسی دووئیدارەیی بکرێت و ئامادە نین هیچ دەستکەوتێک لە چوارچێوەی دووئیدارەییدا وەربگرن.

ئایدن مەعرووف بە ڕووداوی راگەیاندووە وەک هاووڵاتییەکی هەولێر، وەک وەزیرێک، وەک پێکهاتەکان و وەک نەتەوەی تورکمان، باوەڕ ناکەم هیچ هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵ بێت کە باسی دووئیدارەیی بکرێت.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە ئەو دەستکەوتەمان ناوێت کە لە چوارچێوەی دووئیدارەییدا بێت دەستکەوتی نەتەوەکان لە یەک ئیدارە و یەک هەرێمدا بۆ ئێمە زۆر گرنگە.

وتیشی دۆخی نەتەوەکان و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ئێستا لە ئاستێکی باشدایە، ئەمە جێگەی شانازییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. کوردستان لە هەموو کات زیاتر پاڵپشتی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی بووە.

لەبارەی کورسییەکانی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، وەزیرەکەی حکومەت دەڵێت پێنج کورسی کەمە و شێوازی دابەشکردنیشی هەڵە بووە.

وتیشی هەوڵ دەدەین ژمارەی کورسییەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ 11 کورسی، لەگەڵ 4 کورسی بۆ پێکهاتە ئایینییەکان. دەربارەی ئاڵنگارییەکانیشی ئاماژەی بە کۆنیی قوتابخانە تورکمانییەکان لە هەولێر و ئاڵۆزیی دۆخی پێکهاتەکان لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا کرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە