سەنتەری میترۆ: بكوژانی ڕۆژنامەنووسان ئازادن و نەدراونەتە دادگا
47 خولەک پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
لە ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزای تاوانەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، سەنتەری میترۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: لە هەرێمی كوردستان بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان، نەیانتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو جدی لە تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان بكەن و بكوژ یان پلان بۆ داڕێژەری تاوان نەدۆزراونەتەوە و نەدراونەتە دادگا.
ئەمڕۆ، ڕۆژی جیهانیی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانە، بەو بۆنەیەوە سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بكوژی رۆژنامەنووسان ئازادن
عەدالەت دەستی كورتە
ئەمڕۆ رۆژی جیهانییە بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان، بە پێ ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری UNESCO ، لە نێوان ساڵی (2025 بۆ2026 )، 166 رۆژنامەنووس لە جیهاندا كوژراون لە كۆی حەوت حاڵەت شەش كەیسیان بێ ئەنجام بووەو بكوژ دەربازی بووە لە سزا.
لە هەرێمی كوردستان بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسڵاتدارەكان، نەیانتوانیوە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو جدی لە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان بكات و كەیسە هەرە دیارەكان ( سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، عبدالستار تاهیر شریف) داخران بە بێ ئەوەی بكوژ یان پلان بۆ داڕێژری تاوان بدۆزێتەوە و بدرێتە دادگا.
لەم رۆژەدا سەنتەری میترۆ داوای سەلەنوێ لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە دەكات تا ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
یۆنسكۆ دەڵێت : دەربازبوون لەسزا دەبێتە هۆی كوشتنی زیاتر و زۆرجار ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ململانێكان و تێكچوونی سیستەمی یاسایی و دادوەری.
یونسكۆ ترسی ئەوەی هەیە كە دەربازبوون لە سزا زیان بە تەواوی كۆمەڵگاكان بگەیەنێت بە شاردنەوەی پێشێلكارییە جددیەكانی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی و تاوان. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش داوا لە حكومەتەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان و هەموو ئەوانەی پابەندن بە پێشخستنی سەروەری یاساوە بەشداری لە هەوڵە جیهانییەكان بكەن بۆ كۆتاییهێنان بە دیداردەی دەربازبوون لە سزا.
كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی رۆژی2013 رۆژی 2ی تشرینی دووەمی وەك "ڕۆژی جیهانی بۆ كۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا بۆ تاوانەكانی دژی ڕۆژنامەنووسان" ناساند. بڕیارنامە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەكات كە ڕێوشوێنی كۆنكرێتی بگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی كولتووری باوی بێ سزا.
|