مووچەی چاودێرانی کۆمەڵایەتی بۆ 250 هەزار دینار زیاد دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
213 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، تەرخانکردنی دارایی بۆ تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و زیادکردنی مووچەی هاوەڵی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە خشتەکانی بودجەدا رادەگەیێنێت، بەپێی بڕیارەکە مووچەی چاودێر لە 170 هەزارەوە بۆ 250 هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە.
محەممەد مووسەوی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی خشتەکانی بودجەی وەزارەتەکەیاندا، گوژمەی دارایی پێویست بۆ شموولکردنی ئەو هاووڵاتییانە جێگیر کراوە کە شایستەی هاوکارییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتین، ئەوانەی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و سەلمێنراوە کە لەژێر هێڵی هەژاریدان.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، تەرخانکردنی ئەو بودجەیە زیادکردنی مووچەی مانگانەی چاودێرانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەخۆگرتووە، بە شێوەیەک مووچەکەیان لە 170 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار زیاد دەکرێت.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە پێناو جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای هەموارکراوی ژمارە 11ـی ساڵی 2024ـە، کە تایبەتە بە یاسای مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.
وەزارەتی کار باسی لەوەشکردووە، هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە بە مەبەستی دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم دوو بڕیارە.
|