بانكی ناوه‌ندیی: دۆلارێکی زۆر ده‌گاته‌ عیراق و نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  205 جار خوێنراوەتەوە

وته‌بێژی بانكی ناوه‌ندی عیراق دەڵێت، هه‌وڵه‌كانی عەلی زەیدی سه‌رۆك وه‌زیران رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ رازیكردنی بانكی فیدراڵیی ئه‌مریكا بۆ ناردنی دۆلاری كاش، پێشبینیش ده‌كات باری نوێی دۆلار بگاته‌ عیراق كه‌ بڕ‌ه‌كه‌ی ده‌گاته‌ یه‌ك ملیار دۆلار و ئه‌وه‌ش به‌های دینار به‌رز ده‌كاته‌وه‌.

مه‌حمود داغیر وته‌بێژی بانكی ناوه‌ندیی عیراق بە میدیاکانی رایگه‌یاند: جووڵه‌ و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رۆڵی كارای هه‌بووه‌ له‌ رازیكردنی بانكی فیدراڵیی ئه‌مریكا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ ناردنی دۆلاری كاش.

وتیشی، له‌ئێستادا به‌های یه‌ك باری دۆلاری كاش كه‌ ده‌گاته‌ وڵات، ده‌گاته‌ نزیكه‌ی نیو ملیار دۆلار، زیادبوونی ئه‌و بارانه‌ی دۆلاریش سه‌قامگیریی بازاڕ‌ به‌هێزتر ده‌كات و خواست له‌سه‌ر دۆلار كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

وته‌بێژی بانكی ناوه‌ندیی عیراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕ‌وو، له‌ ماوه‌کانی داهاتوودا پێشبینی گه‌یشتنی باری نوێی دۆلاری كاش ده‌كه‌ین بۆ عیراق كه‌ ره‌نگه‌ بڕ‌ه‌كه‌ی بگاته‌ یه‌ك ملیار دۆلار.

‎مه‌حمود داغیر جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ، زیادبوونی خستنه‌ڕ‌ووی دۆلاری كاش له‌ بازاڕ‌ه‌كاندا، كاریگه‌ریی ڕ‌استه‌وخۆی ده‌بێت و ده‌بێته‌ ھۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دیناری عیراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار.

ئەو قسانەی بانکی ناوەندی لەکاتێکدایە لە بازارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان نرخی 100 دۆلار گەیشتووتە 168 هەزار دینار و لە 170 هەزار دینار نزیک دەبێتەوە لەکاتێکدا لە بانکی ناوەندی نرخەکەی 152 هەزار دینارە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە