شاندێکی باڵای عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان

59   خولەک پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و شاندەکە چوونەتە زاخۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆببنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق کە لە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت پێکدێن، گەیشتە هەرێمی کوردستان و  شاندەکە لە زاخۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی و دواتریش لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە.

شاندەکەی حکومەتی عێراق لەلایەن موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ بۆ کاروباری وزە سەرۆکایەتی دەکرێت، هەریەکە لە باسم محەمەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد، وەزیری کارەبا ئەندامی شاندەکەن. هاوکات شاندێکی یاوەریشیان لەگەڵە کە پێکهاتوون لە سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە.

شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکان چەند پرسێک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت لەوانە پرسی نەوت و ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە.

وتەبێژی حکومەتی کوردستان دەڵێت: تێبینیمان لەسەر پرۆژە یاساکە هەیە و دەمانەوێت پشکی کوردستان بەپێی سەرژمێری بێت، ئەوەی ماف و شایستەی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستانە بدرێت، جگە لەوە هەر مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ هەرێمی کورستان بکرێت مامەڵەیەکی نادەستوورییە، ئێستا لە گفتوگۆین و هەوڵ دەدەین داواکارییەکانمان لەم پرۆژە یاسایە جێ بکەینەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە