ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لەهەولێر داخران بەنهێنی کاریان کردووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  188 جار خوێنراوەتەوە

ژمارەیەک پاڵاوگەی نایسایی لە هەولێر داخران کە شەوانە بەنهێنی کاریان کردووە و بەڕیوەبەری ژینگەش دەڵێت: “خاوەنەکانیان ڕووبەڕووی قورسترین سزا دەبنەوە”.

دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێرڕاگەیاند، هەموو پاڵاوگە نایاساییەکانی هەرێمی کوردستان داخراون و هیچ کامێکیان مۆڵەتی فەرمی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان نییە، بەڵام سێ بۆ چوار پاڵاوگە کە بە نایاسایی و لە کاتەکانی شەو بە نهێنی کاریان کردووە، خاوەنەکانیان دەستگیرکراون و پاڵاوگەکان داخران.

وتیشی، ئەو پاڵاوگانەی بە نهێنی کاریان کردووە رووبەڕووی قورسترین سزا دەبنەوە.

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاشکراشی کرد، دیاردەیەکی دیکە دەرکەوتووە و ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆیان بەدەست گەیشتووە، ئەویش سووتاندنی تایە و زبڵ و خاشاکە لە شەوان دا، بڕیارە بە هەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دەستپێبکەن و رووبەڕووی سزای یاساییان بکەنەوە.

بە گوێرەی ئاماری دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نزیکەی 160 پاڵاوگەی نایاسایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەبوون، کە 139 پاڵاوگە لە هەولێر و 14 پاڵاوگە لە دهۆک و شەش پاڵاوگەش لە سلێمانی داخراون.

ئێستا تەنیا سێ پاڵاوگە بەشێوەی یاسایی کار دەکەن، ئەوانیش پاڵاوگەکانی کار، لاناز و قەیوانن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە