بانکی ناوەندیی عێراق هەڕەشەی سزادانی چەند بانکێکی ناوخۆیی دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵیت، سەرجەم داواکارییەکانی حەواڵەکردنی پارەی تایبەت بە هاوردەکردن جێبەجێکراون، کە پێشتر بەهۆی بڕیاری دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕەوە راگیرابوون.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوای لە سەرجەم بازرگان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان کرد سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەنجامدانی حەواڵە دەرەکییەکانیان، هاوکات جەختی کردەوە، لە ئەگەری دواکەوتنی جێبەجێکردنی حەواڵەکان بەبێ هۆکاری رەوا، یان داواکردنی بڕە پارەی زیاتر لە رێنماییەکان، هاوردەکاران دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی سکاڵاوە داواکاری تۆمار بکەن، بانکەکەش رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو بانکانە دەگرێتەبەر کە سەرپێچی دەکەن.
بانکی ناوەندیی روونیشیکردەوە، بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پابەندبوونی بانکەکان بە رێنماییە کارپێکراوەکان. بانکەکە دڵنیایی بە بازرگانان و هاووڵاتییان دا کە پڕۆسەی دابینکردنی دراوی بیانی بۆ پێداویستییەکانی هاوردە بە شێوەیەکی رێکوپێک بەردەوامە، ئەمەش لەپێناو بەردەوامیی جووڵەی بازرگانی و مسۆگەرکردنی هاتنی کاڵا بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان.
ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی لە کاتێکدایە، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بە دۆلار هەموار کرایەوە. بەپێی بڕیارەکە نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار، بۆ بانکەکان بە 1,510 دینار و بۆ کڕین لە وەزارەتی دارایی بە 1,500 دینار دیاری کراوە.
بەهۆی ئەو بڕیارەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بازاڕەکانی عێراق بەرزبوونەوەی نرخی ژمارەیەک ماددەی خۆراکییان بەخۆوە بینی. بەشێک لە بازرگانان نرخەکانیان بەرزکردەوە و هەندێکی دیکەشیان فرۆشتنی کاڵاکانیان راگرت تا بارودۆخی بازاڕ روون دەبێتەوە.
لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا و هەفتەیەک دوای بڕیاری گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕ، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەرگای هاوردەکردنی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پەتاتە، تەماتە و پیاز کردەوە. هاوکات وەزارەتەکە وەرگرتنی باج و رسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە، مریشک و ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو راگرت، تا لەو رێگەیەوە رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان لە بازاڕدا بگرێت.
|