ڕێککارەکانی لەجێدانانی مامۆستا و فەرمانبەران بە گرێبەست دەستپێدەکاتەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  283 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەجێدانانی بۆ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بە فەرمی راگەیاند و بڕیارە رۆژانی داهاتوو رێنماییەکانی بڵاو بکاتەوە.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند "راستە و بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران لەجێدانان بە فەرمی دەستپێکردووەتەوە و چاوەڕوانی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی راژە و وەزارەتی دارایی دەکەین".

بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی: "وەزارەتەکەمان نزیکەی 1000 کەس وەکو گرێبەست بەگوێرەی رێنماییەکان دادەمەزرێنێت، ئەویش لە جێگەی ئەوانە دادەنرێن بە هەر هۆکارێک بێت لە کاردا نەماون".

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە ژمارە 9722 لە رۆژی 09-08-2026 بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە، کارکردن بە پرۆسەی لەجێدانان بە هەموو شێوەیەک راگیرابوو.

د. توانا نەجەف ئاماژەی بە مەرجەکانی وەرگرتن کرد و ئاماژەی بەوەکرد: "هەموو دەرچووان مافیان هەیە داوای گرێبەستبوون بکەن، بەڵام دەبێت بڕوانامەکانیان هاوتای ئەوانە بێت کە لە جێگەیان دادەنرێن".

بەڕێوەبەری کارگێڕیی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاراستەی ئەنجوومەنی راژە و وەزارەتی دارایی دەکرێت و ئەوان رێنمایی چۆنێتیی وەرگرتنی گرێبەستەکان رادەگەیێنن.

هەمان بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی پەروەردەش دەگرێتەوە.

بەگوێرەی رێنماییەکان، هەموو ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن و بڕوانامەی دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرایان هەیە دەتوانن داوای دامەزراندن بە گرێبەست پێشکێش بکەن.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 16-09-2026 بڕیاری دەستپێکردنەوەی لەجێدانان پەسەند کرا، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی بۆ چوونە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە