مەسرور بارزانی: هێزی پێشمەرگە تۆکمە و ئامادەیە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
31 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، "هێزی پێشمەرگە هێزێکی تۆکمە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێک یان مەترسییەک کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەناوی خەڵکی کوردستانەوە سوپاسی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کرد کە هاوکاربوون لە رووبەڕووبوونەوە و شکستپێهێنانی داعش، هاوکاریکردن و باشترکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق و بە "ئەرکێکی پیرۆز" ناوی برد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی، "بێگومان ئەو هاوکاری و پاڵپشتی و پشتیوانییەمان لەبیر ناچێتەوە."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندی نییە لەگەڵ ئەو دۆستانەمان، بەڵکو شێوازی پەیوەندییەکانمان دەچێتە بوارێکی دیکە و بە جۆرێکی دیکە دەبێ، هەم لەڕووی ئابووری، هەم لەڕووی کولتووری و سیاسی و ئەمنی و سەربازییەوە، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و هاوپەیمانان بەجۆرێکی دیکە بەردەوام دەبێ، هەرێمی کوردستانیش وەکو بەشێکی چالاک و کاریگەر لە حکومەتی عێراق دەتوانێت و بەشداردەبێ لە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە."
ئەوەشی خستەڕوو، "لەوانەیە زۆر لە دووژمنان و ناحەزان پێیانوابێ کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانان مەترسییەکی زیاتر دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان، کە بێگومان هێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، ئەوە نییە بڵێی ئێمە هیچ مەترسی و تەحەدایەکی ئەمنیمان لەسەر نەمابێ، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەم هێزەکانی عێراق ئێستا تواناکانیان باشترە لە جاران، هەم هێزی پێشمەرگە هێزێکی تۆکمە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێک یان مەترسییەک کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە."
|