قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە دینار دەدرێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
147 جار خوێنراوەتەوە
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەمەودوا دەتوانن قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار و بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق بدەنەوە.
بڕیارێکی نوێ دەرکراوە کە دەیان هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لێی سوودمەند دەبن؛ هەر کەسێک قیستی یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر بێت و شووقە، خانوو یان ڤێلای لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کڕیبێت، لەمەودوا دەتوانێت مانگانە قیستەکەی بە دینار بداتەوە. لەم پرۆسەیەدا، هەر 100 دۆلارێک بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق، واتە بە 132 هەزار دینار هەژمار دەکرێت.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ڕایگەیاند: دەستەی وەبەرهێنانی عێراق ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت کە مۆڵەتی فەرمیی وەبەرهێنانیان هەیە و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کراون.
باسی لەوەشکرد دەبێت هەموو خاوەن پڕۆژەکان بە بڕیارەکە پابەند بن، چونکە بڕیارەکە فەرمییە و لەلایەن حکومەتەوە دەرچووە.
ئەم بڕیارە کە حکومەتی عێراق دەریکردووە، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و قازانجێکی بەرچاو بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت.
بەراورد بە نرخی دۆلار لە بازاڕدا، هاووڵاتییان لە هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 24 هەزار دینار قازانج دەکەن؛ بۆ نموونە ئەگەر قیستەکەت 500 دۆلار بێت، مانگانە 120 هەزار دینارت بۆ دەگەڕێتەوە.
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بۆ حکومەتی عێراق کردبوو و پرسیاری ئەوەی کردبوو کە ئایا خەڵک چۆن قیستەکانیان بدەن، لە کاتێکدا لە عێراق بڕیار دەرچووە کە دەبێت قیستەکان بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بێت نەک بازاڕ.
لە وەڵامدا، ڕۆژی یەکشەممە، دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە تەنانەت ئەگەر قیستەکەش بە دۆلار دیاری کرابێت، خەڵک دەتوانن بە دینار قیسەتەکانیان بدەنەوە بە جۆرێک 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینار هەژمار دەکرێت.
|