پڕۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووری عێراق کرا

9   خولەک پێش ئێستا  105 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، بە فەرمی تەواوبوونی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2027 ڕاگەیاند و پڕۆژەکەی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردن ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کرد، پێش ئەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

دەقی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی عیراق:

 وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی ئامادەکردنی، ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری کرد.

تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەرهەمی کۆبوونەوەی بەردەوامی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بوو بە سەرپەرشتی وەزیری دارایی بەڕێز فالح ساری، کە میوانداریکردنی نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان، و وەرگرتنی ڕاوێژی پسپۆڕانی دارایی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقی لەخۆدەگرت.

بەڕێز وەزیر جەختی کردەوە کە وەزارەت بەڵێنەکانی خۆی لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەدا لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا کە ئامادەکردنی بودجەکە جێبەجێکردنی پلەبەندیی شێوازی "بودجەی بەرنامەکان و ئەنجامدان" (موازنة البرامج والأداء) لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین لەخۆدەگرێت؛ بەمەبەستی بەستنەوەی تەرخانکراوەکان بە ئامانج و ئەنجامەکان و پێوانی کاریگەریی خەرجییەکان، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرفراوانکردنی جێبەجێکردنی لە دامەزراوەکانی تری دەوڵەتدا.
بەڕێزیان ڕوونیشی کردەوە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لەبەرچاوگرتنی کارنامەی حکومەت ڕەچاو کراوە، هەروەها گۆڕانکارییە ئابووری و داراییەکان، لەپێشینەی خەرجییەکان، و پێداویستیی توێژە گرنگەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی توانا داراییە بەردەستەکاندا هەژمار کراون، بە جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی داهاتە نا نەوتییەکان و چەسپاندنی دیسپلینی دارایی.

بڕیاریشە ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی دانوستانەکان و بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەپێی ڕێکارە پەسەندکراوەکان.

وەزارەتی دارایی
نووسینگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکان


   ئەمانەش بخوێنەرەوە