سوپای عێراق دوکان و باخی هاووڵاتییانی کوردی لە کەرکووک رووخاند
2 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
لە سنووری کەرکووک، سوپای عێراق لە هەڵمەتێکدا بە ناوی لابردنی زیادەڕۆیی، دووکانێک و 10 باخی هاووڵاتییانی کوردی لە گوندەکانی حەسار و گۆڵدەرەی سەر بە ناحیەی شوان رووخاند.
لە کاردانەوەدا، خاوەنی دووکانەکە ئاڵای کوردستانی لەسەر داروپەردووی دووکانە رووخێنراوەکەی هەڵکرد و دانیشتووانیش رێگەی سەرەکیی کەرکووک-شوانیان داخست.
ئازاد حەساری، دانیشتووی گوندی حەسارە و دووکانەکەی رووخێنراوە، بە ٧ڕۆژی وت: "ئەمانە موڵکی خۆمانە و لە باو و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. دوای 20 ساڵ گەڕاینەوە بۆ ناوچەکانمان، کەچی وا دیسان خانووەکانمان دەڕووخێننەوە. من لەدایکبووی ساڵی 1954م، ئەم گوندە لە شەستەکان سووتێنرا، لە حەفتاکان رووخێنرا، لە 1985 تەخت کرا و ئێستاش دیسان دەیڕووخێنن. بۆ ناچنە سەر گەڕەکێکی عەرەبی؟"
دانیشتووانی گوندەکان باس لەوە دەکەن کە رووبەڕووی گوشاری بەردەوام دەبنەوە. زریان رەفیق، دانیشتووی گوندی گۆڵدەرە، دەڵێت: "زەویمان هەیە دەیکەین بە گەنم، ناهێڵن هەناردەی بکەین. دەیکەین بە گەنمەشامی، لە بازگەکان رێگریمان لێدەکەن. بیرێک بۆ گوندەکە لێدەدەین، سوپای عێراق داوای 3 هەزار دۆلار دەکات."
هەندێک لە هاووڵاتییان، سوپای عێراق بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار دەکەن. هەڤاڵ جەبار، دانیشتووی گوندی حەسار، دەڵێت: "من پارەم نەداوە، بۆیە باخەکەم رووخێنرا. پێمان سەیرە چۆن بەسەر سێ باخدا دەڕۆن و دانەیەکی دیکە دەڕووخێنن."
زەویی ئەو سنوورە موڵکی گوندنشینەکانە و بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاریدەهێنن، بەڵام ماوەیەکە سوپای عێراق رێگرییان لێدەکات و لە رێگەی لیژنەیەکەوە باخ و دووکانەکانیان دەڕووخێنێت.
|