حکومەتی هەرێم: رێژەی دانیشتوانی هەرێم کەمکراوەتەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق لە  20ی11ی2024، حکومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی ڕێککەوتنە پێشوەختەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکانی پرۆسەکە کردووە، دەشڵێت: ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە 14.14%  بۆ 12.68%  کەمکراوەتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی لەسەر کەمکردنەوەی سەرژمێری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە وئاماژەی بەوەکردووە: دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عیراق لە  20ی11ی2024، حکومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی ڕێککەوتنە پێشوەختەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکانی پرۆسەکە کردووە

روونیشی دەکاتەوە، دیارترین پێشێلکارییش کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە لە لە 14.14%  بۆ 12.68%، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027 دروست دەکات.

 پەیوەست بەو خاڵانەی کە پێشێلکراون، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات، کە  سەرەڕای بوونی چەندین بڕیار بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی پرۆسەکە، حکومەتی عیراق پابەندی خاڵەکان نەبووە، گرنگترین خاڵەکان بریتین لە:

یەکەم: پەراوێزخستنی ڕێککەوتنەکان: ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی بەراوردکاری لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی 1957 و پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکان.

دووەم: دەستکاریکردنی ئامارەکان: دابەزاندنی نایاساییی ڕێژەی هەرێم بەبیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ئەرکی میوانداریکردنیان و بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی زیاتر لە 500 هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکانیشی لەئەستۆدایە، بەڵام بەغدا لە قازانجی خۆی هەژماری کردوون.

سێیەم: ڕەتکردنەوەى داتا و شایستەکان: خەرجنەکردنی 13.8 ملیار دیناری تەرخانکراو بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم، لەگەڵ پێدانی پاساوی نالۆژیکی بۆ پێنەدانی داتا خاوەکان و پشتگوێخستنی هەوڵە فەرمییەکانی هەرێم.

 لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیەدا،حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی داوای جێگیرکردنی پشکی 14.14% لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027دەکات، هاوکات هۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوەی ستەمە داراییەکانی ڕابردوو و ڕەتیدەکاتەوە مافی هاووڵاتییانی لە دامەزراندن، بەشەخۆراک و خزمەتگوزارییەکان بەهۆی ئاماری دەستکاریکراوەوە زەوت بکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە