"پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانمانە"
2 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئارادا نییە و لە 30ـی ئەیلوول ئۆپەراسیۆنەکانیان کۆتایی دێت؛ لەبارەی چەکی میلیشیاکانیش دەڵێت، لێکتێگەیشتنی جیدی هەیە و پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک بە خێرایی کۆتایی پێدێت.
لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ڕووداوی ڕاگەیاند: "وادەی کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان جێگیرە و هیچ پاساوێک بۆ درێژکردنەوەی نییە. لە 30ـی ئەیلوولی 2026 کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی کۆتایی دێت و بەمەش ئۆپەراسیۆنی 'ئیرادەی پۆڵایین' و ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق تەواو دەبێت."
وتەبێژی فەرماندەی گشتی جەختی لەوە کردەوە کە هێزە عێراقییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان و حکومەت هیچ نیگەرانییەکی ئەمنی نییە لە دوای چوونی هاوپەیمانان.
سەبارەت بە چارەنووسی چەکی گرووپە چەکدارەکان، نوعمان وتی: "کۆکردنەوە یان رێکخستنی چەک بڕیارێکی سەروەرییە. ئێستا لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەگەڵ لایەنەکان هەیە؛ تەنانەت گرووپی گەورە هەن چەکەکانیان رادەست کردووە و بارەگاکانیان داخستووە."
ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە باس لە رەتکردنەوەی رادەستکردنی چەک دەکەن لەلایەن هەندێک گرووپەوە و رایگەیاند: "ئەوانەی باس دەکرێن تەنیا دزەپێکردنی سۆشیال میدیان. تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بڕیاری رادەستکردنی چەکی رەتنەکردووەتەوە، چونکە بڕیارەکە عێراقییە و دەبێت بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا بەدەست فەرماندەی گشتییەوە بێت؛ دوای 30ـی ئەیلوول هەنگاوەکان دەردەکەون."
لەبارەی بەردەوامیی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانیان، لیوا نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوەکان لە ئاستێکی بەرزی نهێنیدان و لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن، کاتێک تەواو بوون دەخرێنە بەردەم رای گشتی و دەستدرێژیکاران رادەستی دادگە دەکرێن.
سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد: "گرێبەستمان لەگەڵ ئەمریکا، کۆریای باشوور و تورکیا کردووە بۆ کڕینی سیستەمی زۆر پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و راداری مامناوەند و دوورمەودا. ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی عێراق، و سیستەمی بەرگریی ناوەندی ئاسمانی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دەپارێزێت بەبێ هیچ جیاوازییەک."
سەباح نوعمان دڵنیایی دا کە دوای جێگیرکردنی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپا، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لەنێوان سنوورەکانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا نەماوە و رێگە لە هەر جموجۆڵێکی پاشماوەکانی داعش گیراوە.
|