حوسیەکان چەندین دامەزراوەی وزەی سعوودیە لەکار دەخەن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسی کە هاوپەیمانیی ئێرانە هێرشی بەرفراوانی ئاسمانییان کردە سەر چەندین وێستگەی وزەی سعوودیە و لەکاریان خستن، هەروەها زیاتر لە 70 کەس بریندار بوون.
وەزارەتی وزەی سعوودیە ڕایگەیاند کە کارکردن لە بەشێک لە وێستگەکانی وزەی وڵاتەکەدا لە ڕۆژی سێشەممە پەکیان کەوتووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی حووسییەکانی یەمەن ئەنجام دران و بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 70 کەس.
ئاماژەی بەوە دا کە ئاگر لە چەند شوێنێکدا کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن بە هانایەوە چووبوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان.
لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعیەت بە سەرکردایەتیی سعوودیە لە یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکی پێشوودا ئاشکرای کرد کە هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر شارەکانی ئەبها، خەمیس موشەیت، جازان و نەجران لە باشووری وڵات بووە هۆی برینداربوونی لانی کەم 73 کەس.
هاوپەیمانییەکە بە توندی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم پەرەسەندنە نوێیە دژی سعوودیە هەنگاوێکی "مەترسیدار"ە.
عەمید ڕوکن تورکی مالکی، وتەبێژی هاوپەیمانییەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند کە سەرکردایەتیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانییەکە هەموو ڕێوشوێنە مەیدانییەکان دەگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لەم میلیشیا تیرۆریستییە و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەفتارە دوژمنکارییەکانیان بە هەموو توندییەک.
چەکدارانی حووسییەکان کە کۆنتڕۆڵی ناوچە پڕ لە دانیشتووەکانی یەمەن و بەشێکی گەورەی باکووری وڵاتەکە دەکەن، لە مانگی تەممووزەوە کە گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا ڕاگەیاندووە، هێرشی بەردەوام دەکەن و چەندین کەشتییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
|