ئەمریکا بنکەی سەربازیی و ژمارەی هێزەکانی لەناوچەکە کەمدەکاتەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  77 جار خوێنراوەتەوە

گفتوگۆ لە ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەرجێک ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بتوانێت کۆتایی بە ململانێکان لەگەڵ ئێران بهێنێت.

تۆڕی  سی ئێن ئێن سەبارەت بە هەواڵ و دەنگۆکانى کەمکردنەوەى ژمارەى هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە: هەشت مانگ جەنگ لەگەڵ ئێران خاڵە لاوازەکانی پێگەی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دەرخستووە، دوای ئه‌وه‌ی بنکە و دامەزراوەکانی لە بەحرێن، قەتەر، سعودیە و کوێت کەوتنە بەر هێرشی بەردەوامی مووشەک و درۆنەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێک لە هێزەکانى ئەمریکا لە ولاتانی کەنداو کەمتر دەکرێنەوە، یان ڕەوانەی شوێنی پارێزراوتر بکرێت، هەروەها هەندێک لە ئەرکە ڕاسپێردراوەکان ڕاستەوخۆ لەناو خاکی ئەمریکاوە بەڕێوەببرێن نەک بە هێشتنەوەی هێزی هەمیشەیی.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، واشنتۆن تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئەو بنکانەی زیانی گەورەیان بەرکەوتووە دووبارە دروستیان نەکاتەوە، مەگەر وڵاتانی میواندار خۆیان بەشێک لە تێچووەەکەى بگرنە ئەستۆ.

ئەدمیراڵ داریل کۆدل فەرماندەی ئۆپەرسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا وتى: هێزەکانی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا ناگەڕێنەوە بۆ بەحرێن، کە بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی تێدایە.

ئەم بابەتە دوای نزیکەی ۲٥ ساڵ لە فراوانبوونی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا دەێت لە ناوچەکەدا، کە لە دوای ڕووداوەکانی ۱۱ی سێپتەمبەرەوە دەستی پێکرد و لە جەنگی عێراقدا گەیشتە لووتکە، لە کاتێکدا ئێستا نزیکەی ٥۰ هەزار سەرباز لەگەڵ دوو کەشتى فڕۆکە هەڵگرى زەبەلاح لە ناوچەکەدا ئامادەییان هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە