ئەمساڵ 70 کەس لە ڕووبار و گۆمەکانی کوردستان خنکاون
59 خولەک پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 70 هاووڵاتی لە ڕووبار، چەم و گۆماوەکاندا خنکاون کە زۆرترینیان لە هەولێر بووە، هاوکات تیمەکانی مەلەوانی بە هاوکاریی هاووڵاتییان توانیویانە زیاتر لە 150 کەس لە مەترسیی خنکان ڕزگار بکەن.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانیان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 70 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
وتیشی 20 کەسیان لە هەولێر بووە و 11 کەسیان لە زاخۆ و 9 کەسیان لە سۆران و 8 کەسیان لە سلێمانی و 7 کەسیان لە دهۆک و 5 لە ڕاپەڕین و 5 لە هەڵەبجە و گەرمیانیش 4 و 1 کەسیشیان لە ئاکرێ بووە.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەدا تیمەکانی مەلەوانی و فریاگوزاریی بەرگریی شارستانی بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، توانیویانە زیاتر لە 150 هاووڵاتی و گەشتیار لە کاتی مەلەکردندا لە خنکان ڕزگار بکەن.
سەرکەوت کاڕەش هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان و گەشتیاران و داوایان لێدەکات، بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکان بن و بە هیچ شێوەیەک لەو ڕووبار، بەنداو و شوێنە قووڵ و مەترسیدارانە مەلە نەکەن کە تابلۆی ئاگادارکردنەوەیان لێ دانراوە و تیمی چاودێری و مەلەوانییان لێ نییە، تاوەکو گیانیان پارێزراو بێت و ڕووداوی نەخوازراوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
|