هەرێمی کوردستان داوای 140 هەزار بەرمیل نەوت لە بەغدا دەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
228 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی لیژنەی بەدواداچوون بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوتی پشکی هەرێمی کوردستانی کردووە لە پەرلەمانی عێراق، وردەکاریی پێداویستییەکان و رێگەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنیی خستەڕوو. سامانە سرووشتییەکان 2 پێشنیازی داوەتە بەغدا.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە 2ی ئەم مانگە کراوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق، پێویستیان بە هاوئاهەنگییەکی زیاترە لەگەڵ بەغدا.
سامانە سرووشتییەکان دەڵێ، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 115,000 بەرمیل نەوتی خاوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ، بەڵام ئەوەی ئێستا بۆی تەرخان کراوە تەنیا 50,000 بەرمیلە و ئەمەش بەشی پێداویستییەکان ناکات.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 7,000,000 لیتر بەنزین، 1,095,000 لیتر گازوایل و 2,000 تۆن گازی شلە؛ هەروەها ساڵانە پێویستی بە 563,500,000 لیتر نەوتی سپییە بۆ ئەوەی رەوشی دابەشکردنی سووتەمەنی لە وەرزەکاندا جێگیر بێت؛ هەروەها هەرێمی کوردستان 50,000 لیتری رۆژانە لە سووتەمەنی فڕۆکە، 3،350 تۆن سووتەمەنی رۆژانەی بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان پێویستە.
وەک رێگەچارەیەک، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دوو پێشنیازی بۆ بەغدا کردووە. یەکەم، تەرخانکردنی 140,000 بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان. دووەم، وەزارەتی نەوتی عێراق راستەوخۆ بەرهەمە نەوتییەکان بەو بڕەی کە پێویستە دابین بکات. ئەوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لاری نییە بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات کە تەرخانکراوە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، لە کۆتایی نووسراوەکەدا رایگەیاندووە، دەبێت تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی بۆ ناوخۆ بەکاردێت، لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بگیرێتە ئەستۆ، تاوەکو نرخی یەک لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ هاونیشتمانییان لە 450 دیناردا جێگیر بکرێ و هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراقی لێ بێت.
|