دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی بەرپرسان بڕیارێکی لەبەرژەوەندی عەلی زەیدی دەرکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
216 جار خوێنراوەتەوە
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا کە سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی یاساییان هەیە بۆ لادانی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسە باڵاکان لە پۆستەکانیان، ئەوەش لە پێناو باشترکردنی ئەدای دامەزراوەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی.
دادگای باڵای فیدراڵی لە بڕیارێکی نوێدا (ژمارە 227/فیدراڵی/2026) کە لەسەر داوای عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرچووە، رایگەیاند، بەپێی ماددەی 80ـی دەستوور، حکومەت بەرپرسە لە پلاندانان و سەرپەرشتیکردنی کارەکانی وەزارەت و فەرمانگەکان، بۆیە دەسەڵاتی لادان و گۆڕینی بەرپرسە باڵاکانی هەیە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانن ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی کە لێهاتووییان لە کارەکانیاندا نەسەلماندووە یان کەمتەرخەم بوون، لە پۆستەکانیان دوور بخەنەوە.
سەبارەت بەو بەرپرسانەی کە پلەی تایبەتیان هەیە و دامەزراندنیان پێویستی بە رەزامەندیی پەرلەمانە، دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت پێشنیازی لادانیان ئاراستەی پەرلەمان دەکات تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
دادگای فیدراڵی جەختی کردووەتەوە ئەم رێکارانە نابێت وەک "سزایەکی تەمێکردن" بن، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ورد و سەلماندنی پێویستیی گۆڕانکاری بن، تاوەکو مافی فەرمانبەریی ئەو بەرپرسانە پارێزراو بێت و هیچ ئاڵۆزییەکی یاسایی بۆ دەوڵەت دروست نەبێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی، وەک بەشێک لە کارنامەی چاکسازیی کارگێڕی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەوڵی گۆڕانکاریی ریشەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەدات، بەتایبەتی لەو پۆستانەی کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی "پشکپشکێنەی حیزبییەوە" پڕ کرابوونەوە.
|