مامەڵەی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئەلیکترۆنی
2 کاتژمێر پێش ئێستا
142 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان کردووە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی موڵک بکرێتە ئەلیکترۆنی.
بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە، سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی دروست دەکرێت سەرجەم داتا و زانیارییەکانی کڕین و فرۆشتنی تێدا تۆمار دەکرێت و پاشان لە ڕێگەی ژوورە بازرگانییەکانەوە بۆ وەزارەتی داد دەنێردرێتەوە، هەر مامەڵەیەک لە دەرەوەی ئەم سیستەمە بکرێت بە نایاسایی دادەنرێت.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پرۆژەیە ڕێگریکردنە لە سپیکردنەوەی پارە لە کەرتی خانووبەرەدا، بەو پێیەی سەرجەم نوسینگەکانی خانووبەرە مۆڵەت لە ژوورە بازرگانییەکان وەردەگرن، ژوورەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە چاودێری و وردبینییەکی ورد بۆ هەموو مامەڵەکان بکەن.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی کۆمپانیاکانی خانووبەرە و عەقاراتەکان و جیاکردنەوەی ئەو شوێنانەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی کار دەکەن یان پابەندی ڕێکارە ئیدارییەکان نین.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر دەڵێت: بۆ ئەم مەبەستە نووسراوی فەرمیمان لەلایەن وەزارەتی داد و فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی کوردستان پێگەیشتووە، ئەم هەنگاوە کارئاسانییەکی گەورە بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکان دەکات و ڕۆتین بەتەواوی ناهێڵێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەکە، خولی ڕاهێنانی تایبەت بۆ خاوەن نووسینگەکان دەکەینەوە و لەمەودوا هەر کەسێک داوای مۆڵەتی کارکردن بکات، مەرجە ئەو خولە بە سەرکەوتوویی ببڕێت.
بیلال سەعید، شارەزای ئابووری بە میدیاکانی وتووە: زیاتر لە 10 هەزار کۆمپانیا و نووسینگەی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەم سیستەمە نوێیە شەفایەت بۆ بازاڕی خانووبەرە دەگەڕێنێتەوە، کۆنترۆڵی ئەوە دەکرێت هیچ پرۆژەیەکی فەیک نەفرۆشرێت، واتا ئەو پرۆژانەی مۆڵەت و ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو نییە لەلایەن نووسینگەکانەوە مامەڵەیان پێ نەکرێت.
هەموو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە بازاڕدا کۆدێکی تایبەت بە خۆی دەبێت و دەناسرێتەوە، لە هەمووشی گرنگتر، لایەنی حکومی ئاگاداری وردەکاریی کڕین و فرۆشتنەکان دەبن، ئەمەش لە ڕووی دادگا و یاساوە ئاسانکاری دەکات و ئەگەر کارێکی نایاسایی ڕووبدات، بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
ڕێگریش دەکات لە فەوتانی پارەی خەڵک و فرتوفێڵکردن، چیتر ئەوە نامێنێت شووقەیەک بە 10 کەس بفرۆشرێتەوە، هەر شووقەیەک بە کەسێکی تر فرۆشرابێت، سیستەمەکە خۆی قبووڵی ناکات و بەڵێننامەکە پەسەند ناکات.
|