دۆناڵد ترەمپ: ئاگربەستی ئێران کۆتایی هات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ ئێران "کۆتایی هاتووە." ترەمپ گوتی، پێیوایە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوان "بەفیڕۆدانی کاتە. ئەوان نەخۆش و تووندوتیژن."
ترەمپ لە کاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئێران کۆتایی هاتووە، بە تووندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتیی تاران و گوتی: "پێموایە کۆتایی هاتووە. من چیدی نامەوێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەم، ئەوان بێبەهان." دوای ئەم لێدوانانەی ترەمپ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا 5٪ بەرزبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێرانییەکان بەم دواییانە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، گوتی: "ئەوان پیسن، خەڵکی نەخۆشن، لەلایەن خەڵکی نەخۆشەوە سەرکردایەتی دەکرێن، خەڵکێکی دڕندە و توندوتیژن. ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبووایە، بەکاریان دەهێنا. لەڕوانگەی منەوە، ئاگربەست کۆتایی هاتووە."
راشیگەیاند، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر کە سەرپەرشتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێرانییەکان دەکرد، قسە دەکات، بەڵام پێداگریی کرد گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆکان بە تەواوی لەسەر تاران خۆیەتی. ترەمپ گوتی: "بە بڕوای من، مامەڵەکردن لەگەڵیان تەنیا کات بەفیڕۆدانە. ئەوان درۆزنن."
سەرۆکی ئەمریکا ئێرانییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی چەندین جار ئەو رێککەوتنانەیان بە هەڵە پیشانداوە کە واشنتن و تاران لە ئاگربەستەکەی 17ـی حوزەیرانی رابردوودا (17-06-2026) واژۆیان کردبوو.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد: "هەمووان لەسەر ئەوە رێککەوتبووین کە نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. ئێمە رێککەوتن دەکەین، بەڵام ئەوان دەچنە دەرەوە و لەگەڵ میدیاکاندا گاڵتە دەکەن و دەڵێن ئێمە تەنانەت قسەشمان لەسەر نەکردووە. کێشەیەک لەواندا هەیە، ئەوان شێتن."
ئەم هەڵکشانە نوێیە دوای ئەوە دێت، سوپای ئەمریکا رایگەیاند دوێنێ شەو هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە کەناراوەکانی باشوور، سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند، بە مووشەک بنکەکانی ئەمریکای لە کەنداو کردووەتە ئامانج.
|