روونکردنەوەی وەزارەتی دارایی لەبارەی داهاتی ناوخۆ و مووچەی مانگی شەش

1     کاتژمێر پێش ئێستا  206 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم لە بارەی مووچە و سەردانەکەی شادندی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو دەڵێت شاندەکەی هەرێم داوای دواخستن و نەناردنی مووچەی مانگی شەشیان نەکردووەو ئەوەی وادەڵێت درۆ دەکات.

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە
( پەتی درۆ کورتە ) 

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیج و سۆشیال میدیاوە هەڵمەتێکی چەواشەکارانە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد دەکەن و هەندێکیان دەڵێن شاندەکە داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو هەڵمەتی درۆ و ڕیاکارییە ڕایدەگەیەنین.

هەرکەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت ڕاست ناکات و درۆیەکە و شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی و هتد…. بۆیە ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە.

ڕوونیدەکەینەوە ئەرکی دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد پەیوەست بووە بەچەند پرسێکەوە لەوانەیە.
١- کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا.
٢- کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.

٣- کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.

هەرچی پەیوەستە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا شاندی هەرێم لە گەڵ بەڕێز وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بوودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت،  واتە لە ( ٥٠٪ ) داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

شایەنی باسە بەوپێیەی کە هەمیشە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە دە ڕۆژی مانگی دواترەوە، کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت ، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت ، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان 
٤ ی تەمووزی ٢٠٢٦


   ئەمانەش بخوێنەرەوە