سەرۆک کۆماری ئێران: دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم خۆش نابن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ترسی هەیە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری، خەڵک بچنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی دەرببڕن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک مژاری تایبەت بە دۆخی نێوخۆی ئێران و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا. کۆبوونەوەکە شەوی رابردوو کرا.
مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە دۆخی خراپی ئابووریی وڵاتەکەی کرد بەهۆی جەنگ و گەمارۆکانەوە و رایگەیاند: ''ئەگەر بڕیارە وەک بەرپرسێکی وڵات کار بۆ خەڵک بکەم، دەبێ ئەوە بزانم کە ئێستا باری ئابووری بۆ هەندێک کەس ناجێگیرە و زۆریش ناجێگیرە''.
پێشتر مانگانە بۆ هەر کەسێک بڕی یەک ملیۆن تمەن وەک کۆبۆنی خۆراک دیاری کرابوو. سەرۆککۆماری ئێران گوتی، ''بەڵێنمان داوە بڕی کۆبۆنی خۆراک زیاد بکەین و لانیکەم رێگە نەدەین هیچ کێشەیەک بۆ بژێوی خەڵک دروست ببێت.''
مەسعود پزیشکیان دووپاتی دەکاتەوە، لە دۆخی ئێستای وڵاتەکەیدا، نابێ ''بەهیچ شێوەیەک'' رێگە بدرێ، کێشەی دەرمان و خۆراک بۆ خەڵک دروست ببێت؛ ''پێموایە ئەوە بە هاوکاری و یەکڕیزیی هەموو لایەنەکان دەکرێ، نەوەک تەنیا بە حکومەت.''
لە بەشێکی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران وەک ئاماژەیەک بۆ دۆخی خراپی ئابووریی وڵاتەکەی گوتیشی: ''ئەوەی من لێی دەترسم، ئەوەیە کە نەتوانین بە شێوەیەکی دروست خزمەت بە خەڵک بکەین و ئەوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بڕژێنە سەر شەقامەکان. ئەو کاتە شکۆمان تێکدەچێت.''
مەسعود پزیشکیان دەربڕینی ناڕەزایی خەڵک بە هۆکارێک دەزانێت بۆ ''دڵخۆشبوون''ـی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، نابێ رێگە بدرێ، دۆخەکە بگاتە ئەو ئاستە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران باسی لە پلانێک کرد کە گوایە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵ دەدەن بە دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان بەرپرسانی وڵاتەکەی، کێشەی زیاتر بۆ تاران بنێنەوە، ''هەر کەسێک نەیەوێت ئارامی لە وڵات دروست ببێت، ئەوە لەسەر رێگەی نەتەنیاهوو و تاقمەکەیەتی و پەرە بە پڕۆپاگەندەکانیان دژی وڵات دەدەن.''
مەسعود پزیشکیان ئاماژە بە هەوڵەکانی شاندی دانوستاندنکاری وڵاتەکەی دەکات کە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە سویسرا بوون و دەڵێت: ''پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی نەچینە ژێرباری ستەم و زۆرەملێ.''
یەکێک لە خاڵەکانی نێو یاداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن، چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمیی ئێرانە. پزیشکیان گوتی: ''ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم خۆش نابین و ئەوانیش ناچارن قبووڵی بکەن.''
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، لە ئەنجامی ''خۆڕاگری''ـی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدا، هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ''180 پلە'' گۆڕاون و پێچەوانەی رابردوو، ئێستا قبووڵی کردووە دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت.
قسەکانی پزیشکیان لەکاتێکدان دوێنێ یەکشەممە هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاستی باڵا لە سویسرا دەستیان بە دانوستاندن کرد کە پاکستان و قەتەریش وەک نێوەندگیر تێیدا ئامادە بوون، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک.
بەگوتەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ئەنجامی ئەو گەڕەی دانوستاندندا، پێشکەوتنی ''زۆر باش'' بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی لوبنان هاتووەتە ئاراوە.
هەروەها بڕیار لە هەڵپەساردنی سزاکانی هەناردەی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دراوە، گەمارۆ دەریاییەکان هەڵگیراون و هەندێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێرانیش ئازاد کراون.
|