سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستی لەکار کێشایەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، بەمەش کۆتایی بە خولێکی پڕ لە پشێوی هێنا.
ستامەر، کە لە مانگی تەممووزی 2024ـدا سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کرد بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە، دوای زیادبوونی گوشارەکان، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشی شا چارلزی سێیەم کرد.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئاندی بێرنهام، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی مانچێستەر، سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنێکی لاوەکیدا بەدەستهێنا و وەک پەرلەمانتاری نوێی ناوچەی مەیکەرفیڵد چووە پەرلەمان. پێشبینی دەکرێت بێرنهام دوای بەدەستهێنانی پاڵپشتییەکی فراوانی نێوخۆیی، ببێتە جێنشینی ستامەر لە پۆستی سەرۆکوەزیران و رەنگە هەر لە مانگی ئەیلوولدا پۆستەکە وەربگرێت.
ستارمەر لە بەردەم نووسینگەی سەرۆکوەزیران وتی: "ئەو پرسیارەی ئێستا پارتەکەم دەیکات ئەوەیە، ئایا من باشترین کەسم بۆ ئەوەی سەرکردایەتییان بکەم لە هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوودا. من وەڵامی ئەندامانی پەرلەمانی پارتەکەم بۆ ئەو پرسیارە بیست و بەوپەڕی رێزەوە ئەو وەڵامە قبووڵ دەکەم."
هەروەها رایگەیاند: "هەر بڕیارێک کە داومە، لەپێناو خستنەپێشەوەی ئەو وڵاتە بووە کە خۆشم دەوێت هەر لەبەر ئەمەشە کە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی پارتی کرێکاران دەبم بەیانیی ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ خاوەنشکۆ پاشا کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی خۆمی پێ رابگەیەنم."
ئەمە شەشەمین دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، دوای هەریەک لە دەیڤد کامیرۆن، تێریزا مەی، بۆریس جۆنسن، لیز ترەس و ریشی سووناک.
|