لە کەرکووک دوایین کاروانی حاجییان بە پاس بە رێکەوت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ دوایین کاروانی حاجییانی کەرکووک بە رێگەی زەمینی بە پاس بەرەو سعودیە بە رێکەوت؛ فڕۆکەخانەی کەرکووک رایدەگەیێنێت، هیچ گەشتێکی حاجییان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بۆ سعودیە نییە.
شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاند، ئەمڕۆ دوایین کاروانی حاجییانی کەرکووک بە رێگەی زەمینی بە پاس بەرەو سعویە رێکەوت کە 13 قافڵە بوون، هەر قافڵەیەک دوو پاسە. دوای ئەوەی سێی ئەم مانگە یەکەم کاروان بە پاس بەرێکەوت کە بەهەمان شێوە 13 قافڵە بوو، هەر قافڵەیەک دوو پاس بوو.
وتیشی، ئەمساڵ هەموو حاجییانی کەرکووک بە رێگەی زەمینی بە پاس حەج دەکەن کە لە 1300 حاجی پێکهاتوون.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک رایگەیاندووە، "تا ئێستا هیچ گەشتێکی حاجییان لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ سعودیە نەکراوە و لە خشتەکان نییە و دانەنراوە، دیاریش نییە گەشت لە فڕۆکەخانەکە دەکرێت یان نا".
یەکەم گەشتی حاجییانی عێراق بە فڕۆکە رۆژی هەینى یەکی ئایاری 2026 لە فڕۆکەخانەی بەسرەوە بۆ فڕۆکەخانەی محەممەد بن عەبدولعەزیز لە سعودیە دەستیپێکرد. گەشتی ئاسمانیی گواستنەوەی حاجییان تاوەکو 17ی ئایار بەردەوام دەبێت، سەرەتا رۆژانە لە چوار گەشتەوە دەستپێدەکات و دواتر دەگاتە حەوت گەشت.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نێردەی حەجی عێراق کە ئێوارەی دوێنێ بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 140 حاجی گەیشتوونەتە مەککە و مەدینە.
بەپێی ئامارەکە، 11 هەزار و 750 حاجی لە مەدینەن و حەوت هەزار و 390 حاجی دیکەش گەیشتوونەتە مەککە.
|