یەکگرتوو: لەگەڵ هەڵویست و کۆمەڵ بەشداری حکومەتی عیراق دەکەین
2 کاتژمێر پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت بە نیازین لەگەڵ رەوتی هەڵویست و کۆمەڵی دادگەریی بەشداری حکومەتی نوێی عیراق بکەین و باس لەوەشدەکات بەشێکی ئۆپزسیۆن لە کوردستان بوون بەهەڵم و کۆتاییان هاتووە.
فاتیح سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند هۆکاری کۆنەبوونەوەمان لە گەڵ عەلی زەیدی لە شاری سلێمانی تەنها بە هۆی نەبوونی کات و تیكەڵبوونی کاتی سەردانەکانی زەیدی بووەو هیچ گرفتێکی دیکە نەبووە.
فاتیح سەنگاوی ئەوەشی بۆ ٧ڕۆژ ئاشکرا کرد وەک یەکگرتووی ئیسلامیی بە نیازن و بریاریانداوە لەگەڵ رەوتی هەڵویست و کۆمەڵی دادگەری بەشداری حکومەتی نوێی عیراق بکەن.
لەبارەی کاراکردنەوە یان دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان فاتیح سەنگاوی راشیگەیاند هەموو تاوانەکە لە ئەستۆی یەکێتیی و پارتییە و تیكەلکردنی مەلەفی پێکهێنانی حکومەتی نوێی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان سوکایەتییە بە پرۆسەی حکومرانی کوردستانی دەکەن
جەختیی لەوەشکردەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستای کوردستان گەیشتووەتە بنبەستی یاسایی و ناتوانرێت هەڵیوەشێننەوە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش چارەسەری دۆخەکە ناکات چونکە وەک کورد دەڵێت هەمان و تاس و حەمام دەرەچێت.
فاتیح سەنگاوی ئەوەشی راگەیاند بەشێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان بووە بە هەڵم و تێکەڵی دەسەڵات بوون و ئەوەشی ماوەتە تەنها یەکگرتووی ئیسلامی و هەڵوێستن و کۆمەلی دادگەریش بەشداری پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە .
وتیشی فشاری مەدەنی و جەماوەریش وەک پێویست نەکراوە بەڵام بەداخەوە خەڵکێکی زۆری کوردستانیش هۆکاری ئەمەن کە ڕوودەدات چونکە یەکێتیی و پارتییان هەڵبژاردووە.
|