"هەفتەی داهاتوو دەنگ بە کابینەکەی عەلی زەیدی دەدرێت "
2 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. هەرێم کەمال ئاغا دەشڵێت: "هەفتەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ دەنگدان بە بەرنامەی حکومەت و وەزیرەکان دەکات."
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پێکهێنانی حکومەت و ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لایەنە سیاسییەکان خەریکی گفتوگۆی کۆتایین لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و داڕشتنی بەرنامەی کار.
وتیشی: "هەر پێکهاتەیەک تیمێکی تایبەتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پۆستەکان و جێگیرکردنی داواکارییەکانی لە ئەجێندای حکومەتی داهاتوودا پێکهێناوە."
هەرێم کەمال ئاغا وردەکاریی دابەشکردنی وەزارەتەکانی بۆ ڕووداو خستە روو و رایگەیاند، گفتوگۆکان بەم شێوەیەن:
- شیعەکان: 11 بۆ 12 وەزارەت.
- سوننە: 6 وەزارەت.
- کورد: 4 بۆ 5 وەزارەت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا گفتوگۆ لەسەر هاوکێشەی 11 بە 6 دەکرێت. کورد جگە لە وەزارەتەکان، پۆستەکانی سەرۆککۆمار، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لە پشکدایە، بۆیە گۆڕانکاریی زۆر لە ئیستحقاقی کورددا روونادات.
بەپێی وتەی هەرێم کەمال ئاغا، کە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا لە هەموو لایەنەکان کراوە سی ڤی کاندیدەکانیان پێشکێش بکەن. بۆ هەر وەزارەتێک 3 ناو پێشنیاز دەکرێت، بەڵام سەرنجی سەرەکی لەسەر ناوی یەکەم دەبێت.
وتیشی: "لایەنە سوننەکان هێشتا لە ناوخۆیاندا لەسەر دابەشکردنی ئەو 6 وەزارەتە رێکنەکەوتوون، بەتایبەتی لەسەر وەزارەتەکانی پلاندانان، دارایی و کشتوکاڵ. هەروەها کێشە لەسەر وەزارەتی بەرگری هەیە کە پێویستی بە 16 خاڵ هەیە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لە پێشهاتێکی نوێ کرد و رایگەیاند: "پێشنیازی دیاریکردنی سێ جێگر بۆ سەرۆککۆمار هەیە، کە پێکهاتوون لە جێگرێکی شیعە، سوننە و تورکمان. ئەم پێشنیازە لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە پشتگیریی لێکراوە و بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد فراکسیۆنی "تەقەدووم" یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆککۆمار وەردەگرێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، تیشکی خستە سەر دیدارەکانی عەلی زەیدی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان و وتی: "عەلی زەیدی وەک بەربژێرێکی سازش، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کردووە. لە دیدارەکانیدا لەگەڵ ئێمە، بەڵێنی داوە کە پابەندی دەستوور بێت، پشتگیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و بتوانێت مافە دەستوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا دابین بکات."
ئێستا لیژنەیەکی تایبەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکان خەریکی وردبینیکردنی سی ڤی بەربژێرەکانە تاوەکو بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان، پۆستەکان بەسەر لایەنەکاندا دابەش بکرێن.
|