هەناردەی خۆراک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران قەدەغە کرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
99 جار خوێنراوەتەوە
بۆ پاراستنی نرخ و کەمنەبوونی خۆراک لەم کاتەدا، هەناردەکردنی برنج، رۆن، چایی و بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و وڵاتانی ناوچەکە قەدەغە کراوە.
دەنگۆی ئەوە هەبوو لە هەرێمی کوردستانەوە خۆراک بەتایبەت ، رۆن، برنج، چایی و پێکهاتەکانی بەشەخۆراکی مانگانە، هەناردەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانی، یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران هەواڵەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن "هەناردەی خۆراک قەدەغە کراوە".
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی وتووە: "هەوڵێک هەبوو خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانە لەنێویاندا برنج لە هەرێمی کوردستان ببرێتە ئێران، چونکە لەوێ نرخ بەرزە، بەڵام رێگە نادرێت".
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێ، " لەلایەن حکومەتەوە ئاگادارکراوینەتەوە، بڕیاردراوە رێگە نەدرێت ئەو خۆراک و پێداویستییانەی لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەن هەناردەی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بکرێت".
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، جگە لەو خۆراکانەی لەنێو هەرێمی کوردستاندا هەن و هاوردەکراون، رێگە نادرێت هیچ کام لە مادە خۆراکەکانی بەشەخۆراکی مانگانەش هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکرێن.
وتیشی مۆڵەت بە هیچ کەسێک نادرێت خۆراک بباتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران
لەبارەی هۆکارەکەشەوە مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران وتی: "دۆخی ناوچەکە دیارە چۆنە و نامانەوێت لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی خۆراک دروست بێت".
بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان تایبەت نییە بۆ ئێران و دەگوترێت، بۆ "هەموو وڵاتانی ناوچەکەیە".
لەبارەی هاوردەکردنیشەوە لە دەروازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران وتی: "دۆخەکە تەواو ئاسایی بووەتەوە، لە هەموو دەروازەکانەوە هاوشێوەی پێش جەنگ هاوردەکردن بەردەوامە".
|