سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: بە خێرایی قۆناغی یاسادانان دەستپێبکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا
59 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەڵێ: "ئەم کارە لە هەنگاوەکانی ساڵانی 2009، 2013 یان کارەکانی پێشوو ناچێت. ئەگەر ئەم کارە شکست بهێنێت، ئەگەر دیوارەکە بڕووخێت، سیاسەتی مەدەنی لەژێر ئەو دیوارەدا دەمێنێتەوە و خوا نەخواستە ئەگەر شکست بهێنین، دەگەڕێینەوە" بۆ رۆژە تاریکەکان.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا رایگەیاند، دوای تەواوبوونی راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، دوای جەژن لە پەرلەمان دەست بە گفتوگۆکردنی رێکخستنە یاساییەکان دەکرێ.
سەبارەت بە راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکە وتی: "گرنگترین لایەنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پشتیوانیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی ئەوە بوو کە هەموو پارتەکان بە رێککەوتن لەسەر دەقێکی هاوبەش کۆک بوون".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بێگومان ئەم راپۆرتە هەموو شتێک نییە، بەڵام وەک نەخشەڕێگایەکە، بەتایبەتی لە بەشەکانی 6 و 7ی راپۆرتەکەدا پێشنیازی کۆنکرێتی سەبارەت بەوەی چی دەکرێت، خراوەتەڕوو. لە دوای ئەمە پێویستە بەخێرایی قۆناخی یاسادانان دەست پێبکات. بە بڕوای من، جارێکی دیکە هەموو پارتەکان بە رێککەوتن لەسەر دەقێکی هاوبەش رێک بکەون. بۆ ئەمەش پێویستە بێ لەدەستدانی کات، ئەم بابەتە بخرێتە بەر باس. پێموایە دوای جەژن دێتە رۆژەڤەوە".
ڕاشیگەیاند "لە بەشی شەشەمدا، بابەتی 'ئاستی هەستیار' هەیە کە بە رێککەوتن جەختی لێکراوەتەوە. بۆ ئەوەی بتوانرێت رێکخستنی یاسایی لەمبارەیەوە بکرێت، ئەوەی کە رێکخراو چەکی داناوە و خۆی هەڵوەشاندووەتەوە لەلایەن یەکە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە پشتڕاست بکرێتەوە. ئەم کارانە دەکرێت هاوکات بەڕێوەبچن، بەڵام دواجار هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو و پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەک کاری پەرلەمان نییە؛ بێگومان یەکە ئەمنییەکان کاری خۆیان دەکەن. ئەگەر لەمبارەیەوە لانیکەم بە رێژەیەکی زۆر، بڕیارێک دەربچێت کە بیسەلمێنێت پێشکەوتن بەدەستهاتووە، ئەوکات بێگومان رێکخستنە یاساییەکانی پێویست بۆ بابەتەکە دەکرێن."
|