سودانی و تۆم بارام سهرپهرشتی واژۆكردنی چەند ڕێککەوتنێکی گرنگ دەکەن
8 کاتژمێر پێش ئێستا
57 جار خوێنراوەتەوە
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگهیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دو ڕێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان کۆمپانیاکانی نەوتی بەسرە و زیقار و باکور و کۆمپانیای شیڤرۆن دەکات.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دوشەممە سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دو ڕێککەوتنی سەرەتایی کرد، ڕێککەوتنی یەکەم لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای شیڤرۆن، تایبەت بە گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قورنە/2.
ئاماژهی بهوهشكردوه، ڕێککەوتنی دوەم کە لە نێوان هەردو کۆمپانیای نەوتی زیقار و باکور بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ناسریە و چوار شوێنی دۆزینەوە لە پارێزگای زیقار بەڕێوەچو، جگە لە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، کە پێکهاتوە لە هەموارکردنەوەی ڕێککەوتنێکی پێشوتر بە زیادکردنی کێڵگەی ناسریە.
له راگهیهنراوهكهدا هاتوه، ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکە بە ئامادەبونی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و هەڵسوڕێنوەی کارەکان جۆشوا هاریس بەڕێوەچو.
محهمهد شیاع سودانی له وتارێكدا ئاماژەی بە گرنگی ئەو ڕێککەوتنانە کرد لە تەواوکردنی چاکسازییەکان لە کەرتی نەوت و کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئابوری و ژیان لە پارێزگاکانی زیقار و سەڵاحەدین.
بهگوێرهی راگهیهندراوهكه، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و لۆکۆیل ڕێککەوتنێکی هاوتاکردنیان واژۆکرد، کە بەشێوەیەکی کاتی گرێبەستەکە دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە و هاوتاکردنی سەرجەم شایستە دارایییەکان لەنێوان هەردولادا، ئەو هاوتاکردنە لە بەرواری پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کاری پێدەکرێت.
هاوكات ڕێکەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و لوکۆیل و شیڤرۆنی ئەمریکی واژۆکرا، کە ڕێگەی بە گواستنەوەی کاتی گرێبەستەکە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە دا، دواتر کۆمپانیای نەوتی بەسرە دوای تەواوکردنی دانوستانەکان و ڕێککەوتن لەسەر مەرجەکانی گرێبەستە نوێیەکە گرێبەستەکە دەگوازێتەوە بۆ کۆمپانیای شیڤرۆن، ئەو ڕێکەوتنە مافی دانوستانی تایبەتی کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ ماوەی ساڵێک دەستەبەر دەکات، بەپێی ئەو ستانداردانەی کە هەردوو لایەن لەسەری ڕێککەوتون.
|