عێراق دژی لێدوانەکەی هاکان فیدان هاتە دەنگ

4   کاتژمێر پێش ئێستا  69 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کرد، بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە بە راشکاوی دەستی لەکاروباری عێراقدا وەردابوو.

محەمەد حسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزیری دەرەوە ناڕەزایی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانە دەربڕی و جەختی کردەوە کە، ئەم لێدوانانە زیان بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیێنن و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بەزاندنی عورفە دیپلۆماسییەکان دادەنرێن.

ئاماژەی بەوە کرد عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراتی و دەستوورییە، و نابێت بەراورد بکرێت بە دەوڵەتانی تر کە سیستمی سیاسی جیاوازیان هەیە.

سەبارەت بە کاروباری ناوخۆش، جەختی کردەوە کە دۆسیەی شنگال و تەواوی ناوچەکانی تری عێراق پرسێکی تەواو نیشتمانییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەری سیاسی و سەربازی دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕوونکردنەوەی دا کە تێگەیشتنی هەڵە بۆ لێدوانەکانی هاکان فیدان هەبووە و ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکانی فیدان تەنها پەیوەندی بە ئەندامانی پەکەکەوە هەبووە لە عێراق، و هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری ناوخۆی عێراق یان هاووڵاتیانی عێراقییەوە نییە. هەروەها جەختی کردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق نەگۆڕە و ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی تورکیا پەرۆشی حکومەت وڵاتەکەی بۆ بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشان دا و ڕایگەیاند کە هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە