شاندی پارتی دەچێتە بەغدا و گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی رایدەگەیەنێت، رۆژی سێشەممە شاندەکەیان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان دەست بە گفتوگۆ دەکات بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بکات و دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان (شیعە و سوننە) بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق".
لە دوایین کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، شاندێکی دانوستانکار بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکهێنرا.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییە و پێکهاتووە لە هەریەکە لە فوئاد حسێن و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.
بڕیارە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە، یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و تێیدا پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستبەکار دەبن.
|