لەبارەی وشکبوونەوەی چاو، هۆشداریی مەترسیدار دەدرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی هۆشداری داوە لەوەی کە پشتگوێخستنی نیشانەکانی وشکبوونەوەی چاو ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی جددی و کاریگەری لەسەر بینین دروست بکات.
ئەنجامی توێژینەوەکە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەشتەرگەرکارانی ئاوی سپی و چاککردنەوەی بینین (ESCRS) خرانەڕوو، کە تێیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژەیان بەوە دا، زۆر کەس وشکبوونەوەی چاو بە شتێکی ئاسایی دەزانن لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەندا، و لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا سەردانی پزیشک ناکەن، بەڵکو هەندێک جار سەردانەکە بۆ چەندین ساڵ دوادەخەن.
لە ئەنجامدا، سێ یەکی نەخۆشەکان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ بەدەست نیشانەکانەوە دەناڵێن بێ ئەوەی چارەسەر وەربگرن، ئەمەش کێشەی جددیان بۆ دروست دەکات کە کاریگەری لەسەر بینین دروست دەکات.
هەروەها دەرکەوت کە نیوەی ئەو کەسانەی لە توێژینەوە و ڕاپرسییەکەدا بەشداربوون، بەدەست نیشانەکانی ڕۆژانەی وەک سووتانەوەی چاو، ئازار، یان لێڵبوونی بینینەوە دەناڵێن.
توێژینەوەکە جەختی لەوە کردەوە وشکبوونەوەی چاوی چارەسەرنەکراو تەنها کوالێتی ژیان کەم ناکاتەوە و کاریگەری لەسەر خوێندنەوە یان کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر یان شۆفێری ناکات، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردنی چاو و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی چاو قورستر بکات.
ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە وشکبوونەوەی چاو حاڵەتێکی نەخۆشییە و خراپتر دەبێت، دەستوەردانی زوو بۆ چارەسەرکردنی دەتوانێت ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە و بینینێکی تەندروست و چاو بپارێزێت.
سەرەڕای ئاسانیی دیاریکردنی ئەم حاڵەتە، بەڵام ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا پشتگوێی دەخەن و لە بێدەنگیدا دەناڵێنن، بەبێ ئەوەی بزانن چ بژاردەیەکی چارەسەرکردن بەردەستە بۆیان.
شارەزایانی تەندروستی دووپاتی دەکەنەوە کە پشکنینی ڕێکوپێک و سەردانیکردنی پزیشکی چاو، دوورکەوتنەوە لە زۆر بەریەککەوتن لەگەڵ تیشکی خۆر یان شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەر، و بەکارهێنانی قەترەی شێدارکەرەوەی چاو، هەموویان ڕێگەی سادەن بۆ پاراستنی چاو لە وشکبوونەوە و دڵنیابوون لە سەلامەتییەکەی.
|