شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
28 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە سبەی سێشەممە هەردوو شاندنی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت لە شاری هەولێر، تێیدا باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەنگی کورد لە بەغدا و بەرکەوتەکانی دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای پارتی، شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانە.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە.
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای پارتی وت، "پارتی و یەکێتی رێککەوتوون بۆ ئەوەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشکی کورد لە حکومەتی نوێی بەغدا گفتوگۆ بکەن."
|