ئەم هەفتەیە یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

کۆبوونەوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و سەرچاوەیەکیش رایگەیاند: کۆبوونەوەکە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەبێت.


سەرچاوەیەکی باڵای سیاسیی ئاگادار بە ٧ڕۆژی راگەیاند، کۆبوونەوەکە لە شاری هەولێر بەرێوەدەچێت و تیایدا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم تاووتوێدەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 23ی11ی2025، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  ئامادەیی یەکێتی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم راگەیاند و وتی:"ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ برایانی پارتی لە گفتوگۆدا بوین تا کاتی گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئێستاش ئامادەین دەستپێبکەینەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم".

لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراقیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: پێویستمان بە گفتوگۆیە و پێویستە هەموو لایەنەکانیش بەشدار بن هەتا بتوانێت خزمەتکارێکی باشی خەڵک بێت بە گشتی، ئەوەش روونە کە لایەنە کوردستانییەکان لە عیراق پۆستی سەرۆککۆمار بە ئیستحقاقی کورد دەزانن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە